|
به‌جیهانییکردنی ئه‌خلاق
وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه: سه‌لاحه‌ددین عه‌بباسیی

"هانس
کونج"، که ساڵی-١٩٢٨-له سویس له‌دایك بووه، قه‌شه‌یه‌کی
کاتۆلیك و زانایه‌کی دیاری زانستی خواناسییه. ناوبراو
ژماره‌یه‌کی به‌رچاو کتێب و بڵاوکراوه‌ی هه‌ن، له‌وانه:"بناغه‌ی
کڵێسا"،”له هه‌ڵه به‌دووره"، "مه‌سیحییه‌ت و ئایینه
چینییه‌کان" با ده‌نگ بۆ ئه‌خلاقێکی جیهانیی بده‌ین"
و"ئه‌خلاقێکی جیهانیی له پێناو سیاسه‌تێکی جیهانیی و
ئابوورییه‌کی جیهانیی".
"هانس کونج" وه‌ك وتاربێژێکی کاتۆلیکی خاوه‌ن رێز
و ناوێکی باش کاریی ده‌کرد، تا ئه‌وکاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی"ڤاتیکان"
له‌سه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبێك به‌ناوی"له هه‌ڵه به‌دووره"
له‌سه‌ر کاری فێرکردنی کاتۆلیکیی ده‌ر‌کرد. ناوبراو له
کتێبه‌که‌یدا ئه‌و بۆچوونه ره‌تده‌کاته‌وه که پێیوایه
"پاپا"کانی ڤاتیکان پاکژن و له هه‌ڵه دوورن، چونکه به‌ڕای
ئه‌و، پاپابوون ئه‌رکێکه له داهێنانی مرۆڤ تا ئه‌وه‌ی کارێك بێ
له‌لایه‌ن خوداوه دامه‌زرابێ، بۆیه ده‌کرێ لابرێ و نه‌هێڵدرێ.
به هۆی گرنگییدانی
له‌ڕاده‌به‌ده‌ر به‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ"ئه‌خلاقه جیهانییه‌کان"،
ناوبراو له سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی-٢٠-زایینی‌دا
بناغه‌ی پڕۆژه‌یه‌کی به‌ناوی"ئه‌خلاقه جیهانییه‌کان"دانا. ئه‌و
پڕۆژه‌یه هه‌وڵێك بوو بۆ شیکردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی که ده‌کرێ
هه‌موو ئایینه‌کانی له‌سه‌ر کۆببنه‌وه (له جیاتی ئه‌وه‌ی لێك
دووربکه‌ونه‌وه). هه‌روه‌ها ئامانجی بیرۆکه‌که داڕشتنی
لانیکه‌می یاسا ره‌وشتییه‌کان بوو که ده‌کرێ هه‌موو لایه‌ك
قبوڵیان بکه‌ن. ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی "هانس" دواتر ئاوێته‌ی پڕۆژه‌ی
"گفتوگۆی نێوان ژیاره‌کان"ی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان
کرا.
له کتێبی (ئیسلام، هێمای هیوا.... به‌ها
ئه‌خلاقییه هاوبه‌شه‌کانی نێوان ئایینه‌کان)دا "هانس کونج"
هه‌وڵده‌دا پێ له‌سه‌ر ئه‌وه دابگرێ که به‌بێ بوونی ته‌بایی
له‌نێوان ئایینه‌کان، هه‌رگیز گفتوگۆ له نێوان ئایینه‌کان دروست
نابێ. هه‌روه‌ها پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێ که هه‌موو
ئایینه‌کان و بیروباوه‌ڕه ئاسمانیی و زه‌مینییه‌کان هه‌ڵگری
کۆمه‌ڵێك به‌های ئه‌خلاقیی هاوبه‌شن. ئه‌و به‌ها هاوبه‌شانه
له‌وانه‌یه یارمه‌تیده‌ربن بۆ ده‌ستپێکردنی گفتوگۆیه‌کی
ئه‌رێنیی و کاریگه‌ر له‌نێوان مرۆڤه‌کان، سه‌ره‌ڕای جیاوازیی
پۆله‌کان و ره‌نگه‌کانیان.
ئه‌خلاق
و پێوه‌ره‌کانی ژیان
"هانس
کونج"
له‌و باوه‌ڕه‌دایه که دۆزینه‌وه‌ی ئه‌خلاقه جیهانییه‌کان
هاوکارییمان ده‌کا بۆ دۆزینه‌وه‌ی چه‌ند پێوه‌رێك بۆ ژیان و ئه‌و
ئه‌خلاقانه‌ش له هه‌موو چاولێکه‌ریی(ته‌قلید)ه ئینسانییه‌کاندا
هه‌یه. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌یه که پێویستییمان به جارێکی‌تر
داهێنانه‌وه‌ی ئه‌خلاق نییه، به‌ڵکو ته‌نها به‌وه ده‌کرێ که
به قووڵیی بڕوانینه ته‌قلیده دێرینه ئینسانییه‌کان. بۆ
نموونه له ته‌قلیده کۆنه چینییه‌کاندا ئه‌م بنه‌ما زێڕینه
ده‌بینینه‌وه که ده‌ڵێ: "ئه‌وه به‌سه‌ر که‌س مه‌هێنه که
ناته‌وێ خه‌ڵکی دیکه به‌سه‌رتی بێنن". ئه‌م بنه‌مایه له
کلتوری یه‌هوودییدا هه‌یه، هه‌روه‌ك له ئیسلامه‌تییدا له
فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ر (د.خ)دا ده‌رده‌که‌وێ "لا یؤمن احدکم حتی
یحب لاخیه مایحب لنفسه"، جگه له‌وه‌ش ئه‌و رێنوێنییه
بنه‌ڕه‌تییانه‌ی به گشتیی له مرۆڤایه‌تییدا ده‌یانبینین، وه‌ك
"مه‌کوژه، دزیی مه‌که، درۆ مه‌که، ده‌ستدرێژیی مه‌که.....".
بۆ سووربوون له‌سه‌ر هزره تایبه‌تییه‌که‌ی خۆی
ده‌رباره‌ی ئه‌خلاقی جیهانیی، "کونج" پێیوایه سه‌ره‌ڕای
جیاوازییه قووڵه‌کانی نێوان ئایینه‌کان، ده‌بینین پێوه‌ره
ئه‌خلاقییه‌کان، به شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تیی، هه‌ر یه‌کن. ئه‌وه‌ی
له کتێبی پیرۆزی یه‌هوودییه‌کان پێی ده‌گوترێ "ده
ئامۆژگارییه‌کان" هه‌ر هه‌مان شته که له قورئاندا ده‌یبینین و
هه‌مان ئامۆژگارییش یان نموونه‌یه‌کی وه‌ك ئه‌وان له کلتوری
هیندیی و چینییدا هه‌یه. "کونج" کورتی ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێ که
به‌ڕاستیی ئه‌خلاقه جیهانییه‌کان به مانای ته‌واو و تایبه‌تیی
"جیهانیی"ن ئه‌ویش به‌درێژاییی مێژوویه‌کی درێژ و به‌رده‌وام.
ئه‌وه‌ش به‌و مانایه دێ که ئێمه به‌هیچ جۆرێك حه‌وجێ به‌وه
نین جارێکی‌تر ئه‌و ئه‌خلاقانه دابڕێژینه‌وه.
یه‌کێك
له‌و به‌ها گه‌ورانه‌ی "کونج " ئاماژه‌ی بۆ ده‌کا و له هه‌مان
کاتیش‌دا یه‌کێك له بنه‌ما ئینسانییه به کۆمه‌ڵه‌کانه
ئه‌وه‌یه که"ده‌بێ هه‌مو مرۆڤێك به شێوه‌یه‌کی
"ئاده‌میی"یا‌نه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بکرێ". له‌راستییدا، ئه‌م
بنه‌مایه درێژه‌ی ئه‌و بنه‌ما زێڕینه‌یه که: نابێ ئه‌و شته
به‌سه‌ر خه‌ڵکی بێنین که ناخوازین خه‌ڵك به‌سه‌رمان بێنێ.
"کونج" له‌سه‌ر ئه‌وه مکوڕه که چوار
ئاڕاسته‌کردن له چاولێکه‌رییه جۆراوجۆره‌کاندا هه‌ن. یه‌که‌م:
ئه‌و ئاڕاسته‌کردنه کۆنه‌ی ده‌ڵێ: مه‌کوژه: کوشتنی له‌خۆڕا
نابێ ببێ، که‌س ئازار مه‌ده، که‌س بریندار مه‌که. دووه‌م: دزیی
مه‌که، که‌ڵکی خراپ وه‌رمه‌گره، گه‌نده‌ڵکاریی مه‌که. سێیه‌م:
ئه‌مه‌ش کارێکی تایبه‌ت به سیاسییه‌کانه، ئه‌ویش ئه‌وه که
درۆ نه‌که‌ین، فێڵ نه‌که‌ین، ته‌ڵه‌که‌بازیی نه‌که‌ین، گه‌مه
نه‌که‌ین، دوایین شت: ده‌ستدرێژیی سێکسی نه‌که‌ین، فێڵ نه‌که‌ین،
خه‌ڵڵ زه‌لیل و ژێرده‌سته نه‌که‌ین، سووکایه‌تی نه‌که‌ین، به
مانایه‌کی تر "هه‌ریه‌که‌مان ئه‌ویتری خۆش بوێ و رێزی بگرێ".
به‌جیهانییکردنی
ئه‌خلاق
ده‌رباره‌ی
پێویستبوونی ئه‌خلاقی جیهانیی، "هانس" سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی
ئه‌گه‌ر پێویستمان به به‌جیهانییکردنی ئابووریی، ته‌کنۆلۆژیی و
په‌یوه‌ندییه‌کان هه‌بێ، ئه‌وه بێگومان زۆر زیاتر له‌وه
ئاتاجمان به به‌جیهانییکردنی ئه‌خلاق هه‌یه. ئه‌خلاقیش لێره‌دا
مه‌به‌ست لێی ئه‌خلاقی به مانا سیستماتیکییه‌که‌ی، واته
سیستمێکی ئه‌خلاقیی تایبه‌ت نییه، به‌ڵکو مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه
که ئێمه حه‌وجێ به ئه‌خلاقین به‌مانای قیناتێکی ده‌روونیی
ئه‌خلاقیی و هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌خلاقیی. هه‌ر بۆیه، بۆ نه‌وه
بچوکه‌کان زۆرگرنگه که ده‌موده‌ست ئه‌و بنه‌مایانه فێربن،
به‌تایبه‌تیی ئه‌گه‌ر بخوازین له‌وه زیاتر تاوان و به‌دڕه‌وشتیی
و ئاکار و ڕه‌وشته دزێوه‌کان له‌نێوماندا نه‌مێنن.
دواتر
"کونج" ده‌ڵێ: هه‌موو لایه‌ك دان به‌وشته‌دا دێنین که "ماهاتما
گاندیی" به "حه‌وت هه‌ڵه‌کانی مرۆڤایه‌تی" ناوی بردووه، ئه‌و
هه‌ڵانه‌ی که به‌پێی بۆچوونی "کونج" ده‌توانرێ له‌سه‌ر بناغه‌ی
ئه‌خلاقی جیهانیی به‌سه‌ریاندا زاڵبین. ئه‌و حه‌وت هه‌ڵه‌یه‌ش
بریتین له: سیاسه‌ت به‌بێ ئامانج، سامان به‌بێ ره‌نج،
چێژوه‌رگرتن به‌بێ ویژدان، مه‌عریفه به‌بێ که‌سایه‌تیی،
کرده‌وه به‌بێ ئه‌خلاق، زانست به‌بێ ئینسانییه‌ت و ئایین به‌بێ
قوربانییدان.
له‌مه‌وه
"کونج" ده‌گات به‌وه‌ی که "ئاشتیی له‌نێوان وڵاتان به‌بێ ئاشتیی
له‌نێوان ئایینه‌کان پێکنایه، و ئاشتییش له‌نێوان ئایینه‌کان
به‌بێ گفتوگۆ له‌نێوان ئایینه‌کان جێبه‌جێ نابێ و، له کۆتاییشدا
گفتوگۆیه‌کی مکوڕانه له‌نێوان ئایینه‌کان نابێت تا چه‌ند
پێوه‌رێکی ئه‌خلاقیی هاوبه‌ش نه‌بن".
ناوبراو
باوه‌ڕی وایه که کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی به دۆخێکی پڕ له
دوژمنایه‌تیی توندا تێده‌په‌ڕێ و، هه‌ر بۆیه‌ش بۆ
رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه ماڵوێرانکه‌رانه‌ی
رووبه‌ڕووی مرۆڤایه‌تیی بوونه‌وه، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی پردی نوێ بۆ
رقلێبوونه‌وه و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و دوژمنایه‌تیی دروست بکه‌ین،
ده‌بێ به‌رد به به‌ردی دیواره‌کانی نێوانمان بڕووخێنین، به‌مه‌ش
ده‌توانین چه‌ند ده‌روازه‌یه‌ك بۆ گفتوگۆ بکه‌ینه‌وه.
سه‌ره‌ڕای
جیاوازییه‌کانی نێوان سێ ئایینه گه‌وره‌کان و جیاوازییه‌کانی
ئه‌و نموونه جۆراوجۆرانه‌ی به درێژایی چاخه‌کان گۆڕانیان
به‌سه‌ردا دێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له‌ئاستی ئه‌خلاقییدا چه‌ندین
نه‌گۆڕ هه‌ن که واده‌که‌ن دروستکردنی ئه‌و ده‌روازانه کارێکی
گونجاو و کرده‌نی بێ.
ئه‌رکی
ئه‌خلاقی جیهانیی
"کونج" ده‌پرسێ: "ئه‌رێ تا ئێستاش به‌های
جیهانییمان ماون؟! به‌ڵێ، بێگومان، به‌ڵام نابێ وه‌ك شتێکی
لاوه‌کیی ته‌ماشای بکه‌ین، به‌ڵکو ده‌بێ به‌قووڵیی تێیبفکرین،
ده‌بێ به‌رگریی لێبکه‌ین، ده‌بێ پشتیوانیی لێ بکه‌ین و به‌هێزیی
بکه‌ین، له‌کۆتاییشدا ده‌بێ له ده‌روونی خۆماندا ئیراده په‌یدا
بکه‌ین تا به‌و به‌هایانه‌ی رایانده‌گه‌یه‌نین زیندووبینه‌وه،
له ژیانی تاکه‌که‌سییدا، له کۆمه‌ڵگه ناوچه‌یی و
نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ماندا و له هه‌موو جیهاندا به‌گشتیی".
”هانس“
دواتر ده‌ڵێ: کۆمه‌ڵێك رێگر له‌سه‌ر رێی گفتوگۆی بنیاتنه‌ر
هه‌ن، له‌وانه: به‌ریه‌ککه‌وتنی ژیاره‌کان، هه‌ڕه‌شه
تیرۆریستییه‌کان و ئی تریش. زاڵبوونیش به‌سه‌ر ئه‌م به‌ربه‌ست و
ته‌گه‌رانه‌دا له ڕێگه‌ی کۆمه‌ڵێك بنه‌ماوه ده‌بێ که ده‌کرێ
له چه‌ند خاڵدا کورتبکرێنه‌وه، ئه‌وانیش:"مرۆڤایه‌تیی
به‌رده‌وام نابێ به‌بێ هاوپه‌یمانییه‌ك له‌نێوان باوه‌ڕداران و
بێباوه‌ڕاندا، ئه‌ویش به‌شێوه‌یه‌کی دوولایه‌نه"... "ئاشتیی
له‌نێوان ژیاره‌کان نایه‌ته‌دی به‌بێ ئاشتیی له‌نێوان
ئایینه‌کان"..."سیستمێکی جیهانیی نوێ پێکنایه به‌بێ چه‌ند
ئه‌خلاقێکی جیهانیی، واته چه‌ند ئه‌خلاقێکی جیهانیی سه‌ره‌ڕای
جیاوازییه عه‌قیده‌ییه‌کان، چه‌ند ئه‌خلاقێکی نوێی پابه‌ندبوو و
یه‌کگرتوو بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تیی به‌جۆرێك هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌ت
و که‌سانه‌ش بگرێته‌وه که له ده‌سه‌ڵاتدان، چه‌ند ئه‌خلاقێك
که باوه‌شیان هێنده فراوان و ئاوه‌ڵا بێ جێگه‌ی هه‌موو کلتور و
ئایینه‌کانی تێدا بێته‌وه. به‌ڵام ئه‌رکی ئه‌خلاقی جیهانییش
ئه‌رکێکی ئیدئۆلۆژییانه نییه، هه‌روه‌ك واش ناکا ئه‌خلاقه
تایبه‌تییه‌کانی ئایینه‌کان و فه‌لسه‌فه جۆراوجۆره‌کان وه‌لانێ.
به مانایه‌کی تر، ئه‌و نابێته جێگره‌وه‌ی ته‌وڕات، یا قوڕئان،
یا رێوشوێنه‌کانی بووزا، یا وته‌کانی کۆنفۆشیۆس. هه‌ر بۆیه
ئه‌خلاقه جیهانییه‌کان شتێك نییه جگه له لانیکه‌می به‌ها و
پێوه‌ر و هه‌ڵسوکه‌وته هاوبه‌شه‌کانی نێوان مرۆڤه‌کان.
"کونج"
ئه‌مه به گرفتێك نازانێ، به‌تایبه‌تییش دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی
به‌رچاوی بیرۆکه‌ی ئه‌خلاقی جیهانیی ئه‌ویش نه‌ك هه‌ر
له‌چوارچێوه‌ی زانستی خواناسیی و فه‌لسه‌فه و فێرکردن، به‌ڵکو
له هه‌موو بواره‌کانی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیی و ئابووریی
جیهانیی. ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه که بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و
شته‌ی داوای ده‌کا بێته‌دی، ده‌بێ تێگه‌یشتنی تاکه‌کان گۆڕانی
به‌سه‌ردابێ. ئه‌وه‌ش نایه‌ته‌دی مه‌گه‌ر به له‌خه‌وهه‌ستاندنی
هێزه رووحییه‌کانمان له‌ڕێی بیرکردنه‌وه‌ی قووڵ، نوێژکردن یان
تێڕامانێکی ئه‌رێنییه‌وه تا له‌و رێگه‌وه گۆڕانکاریی جێگه‌ی
دڵخوازی ئێمه له دڵدا بێته‌دی.
ئیسلام هێمای هیوایه
"کونج"
وته‌کانی خۆی له‌مه‌ڕ ئه‌خلاقه به‌جیهانییبووه‌کان به به‌شێکی
تایبه‌ت له‌سه‌ر ئیسلام کۆتایی پێ دێنێ که تێیدا پێیوایه
چه‌ندین بواری جۆراوجۆر، له‌وانه سیاسه‌ت و ئابووریی و یاسا و
زانست، هه‌ن پێوسیتییان به چوارچێوه‌یه‌کی ئه‌خلاقیی هه‌یه.
ئه‌و بوارانه‌ش، به‌پێی بۆچوونی ئه‌و، له هه‌موو ئایینه‌کاندا و
به‌تایبه‌تییش له ئیسلامدا هه‌ن و ده‌ستده‌که‌ون. هه‌ربۆیه،
سه‌ره‌ڕای خراپبه‌کارهێنانی ئیسلام له‌لایه‌ن هه‌ندێکه‌وه
به‌ڵام بێگومان ئیسلام ده‌توانێ بناغه‌یه‌کی قاییم و پته‌و به‌و
ئه‌خلاقه جیهانییانه ببه‌خشێ و به شێوه‌یه‌کی قنیاتهێنه‌رانه
بانگه‌وازیان بۆ بکا.
ناوبراو
دواتر ئه‌وه زیاد ده‌کا که ده‌کرێ ئیسلام رۆڵێکی گه‌وره له
قوتارکردنی مرۆڤایه‌تیی له فه‌وتان ببینێ، چونکه قنیاتێکی
ئیسلامیی هه‌ستیار به‌رامبه‌ر پێویستییه‌کانی سه‌رده‌م،
یارمه‌تیی خه‌ڵک ده‌دا له دۆزینه‌وه‌ی خودی خۆیان و دیارییکردنی
چاره‌نووسدا، هه‌روه‌ك ده‌وری ئیسلام له به‌رگرتنی خه‌ڵك له
مامه‌ڵه‌ی زبر و توند له‌گه‌ڵ یه‌کتردا دیار و به‌رچاوه. "کونج"
کورتی ده‌کاته‌وه که ئیسلامی ئه‌م سه‌رده‌مه به‌په‌له و
هه‌ڵه‌داوان نوێخوازیی مه‌حکووم ناکا، به‌ڵکو پێداگریی له‌سه‌ر
لایه‌نه ئینسانییه‌کانی ده‌کا و له هه‌مان کاتیش‌دا رێ له
به‌ربه‌سته نامرۆڤانه و کاریگه‌رییه تێکده‌رانه‌کانی
نوێخوازیی ده‌گرێ.
ئه‌و باوه‌ڕی وایه که سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو
رووبه‌ڕووبوونه‌وه و ئاڕیشانه‌ی رووبه‌ڕووی ئیسلام بوونه‌وه و
وایان کردووه ئه‌و ئایینه، به به‌راورد له‌گه‌ڵ رۆژئاوا، له
پله‌ی دووه‌مدا بێ، به‌ڵام بێگومان ئیسلام، به‌پێچه‌وانه‌ی
ئایینه‌کانی دیکه، ده‌توانێ رۆڵێکی دیار له چاره‌سه‌رکردنی
به‌شێکی زۆر له گرفته‌کانی مرۆڤایه‌تییدا ببینێ. ناوبراو له‌م
په‌یوه‌ندییه‌دا نموونه‌یه‌ك دێنێته‌وه که په‌یوه‌ندیی به رۆڵی
ئیسلام له چاره‌سه‌رکردنی گرفتی زیادبوونی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری
دانیشتوانه‌وه هه‌یه.
"هانس
کونج" له کۆتاییدا وته‌کانی به‌وه کورت ده‌کاته‌وه که ئیسلام
چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه که نه‌ك هه‌ر ده‌توانێ
له زاڵبوون به‌سه‌ر سه‌ختییه‌کان و پرسه ناوه‌ندییه‌کانی
ژیاندا به‌کاریان بێنێ به‌ڵکو ده‌توانێ له چاره‌کردنی گرفته
گه‌وره‌کانی جیهانییشدا سوودیان لێ وه‌رگرێ. نووسه‌ر ئه‌وه‌ش
زیاد ده‌کا که سه‌ره‌ڕای ئه‌و تاوانبارکردنانه‌ی به‌هۆی
هێرشه‌کانی-١١-ی سێپته‌مبه‌ره‌وه ئاڕاسته‌ی ئیسلام کراون،
به‌ڵام بێگومان ده‌بێ رێگه نه‌ده‌ین ئه‌و هێرشانه ببنه هۆی
جووڵاندن و بزواندنی به‌ریه‌ککه‌وتنی ژیاره‌کان که تێیدا
ملوێنان مرۆڤ ده‌بنه قوربانیی شه‌ڕی نێوان دوو تێڕوانین،
"ئیسلام" و "رۆژئاوا". دواجار، به هیچ شێوه‌یه‌ك ناگونجێ که
به‌هۆی داڕمانی ئه‌خلاقیی هێندێك له شوێنکه‌وتووان، دینێك یان
سیستمێکی ئه‌خلاقیی به‌ته‌واویی مه‌حکووم بکه‌ین.
سه‌رچاوه:
ئیسلام ئۆنلاین
|