به‌ناوی خودای ده‌هنده‌ و دلۆڤان

 

تکایه‌!  بێستان، بابه‌ت ته‌نها به‌ زمانی کوردیی بڵاوده‌کاته‌وه‌ هه‌ر بۆیه‌ داوا له‌ نووسه‌ران ده‌که‌ین له‌ ناردنی بابه‌ت به‌ زمانی دیکه‌ خۆببوێرن

نووسه‌ران خۆیان له‌ نێوه‌رۆکی بابه‌ته‌کانیان به‌رپرسیارن

 

 

دکتۆر موحه‌ممه‌د ساڵح ئیبراهیمی:"ئه‌گه‌ر پیتی کوردی بگۆڕێت بۆ لاتینی هیچمان بۆ نامێنێته‌وه‌".

 

 گفتوگۆ: سەڵاح سالار ـ موحەممەد جەمال/ تاران

 

 ـ ساڵی-1312-ی کۆچی هەتاوی، بەرانبەر بە ساڵی-1933-ی زایینی لەدایکبووە.

 ـ لەسەر دەستی باوکی و کاکی دەستی بە خوێندنی زانستە ئیسلامییەکان کردووە و دواتر بە فەقێیەتی زۆر ناوچەی ئێران گەراوە، تا لە کۆتاییدا لەسەر دەستی مەلا حسێنی مەجدی ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە.

 ـ ساڵی-1957-بووە بە مودەڕڕیس و پێشنوێژی خانەقای نەهری لە شاری مەهاباد.

 ـ ساڵی-1961-ماڵی دەچێتە شاری تاران، هەر لەوێ لە زانکۆ دەست بە خوێندن دەکات، تا خوێندن تەواو دەکات و بڕوانامەی دکتۆرا وەردەگرێت. ئێستا خانەنشینە و لە شاری تاران دادەنشێت.

 ـ ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری کۆڕی کوردانی تارانە.

 

+ مامۆستا تۆ قورئانی پیرۆزت تەرجەمە کردووە بۆ زمانی کوردی، ماوەی چەند سال خەریکی ئەو پرۆژەی تەرجەمەیە بوویت؟

 ـ ئەوکاتەی لە (خانەقای نەهری) لە شاری مەهاباد پێشنوێژبووم، لەبەرئەوەی خانەقا شوێنێکی خۆش و دڵگوشاد بوو، هەروەها لەناو دڵی خەڵکی ئەوێ پایەیەکی خۆی هەبوو، عەسران خەڵک لە دەورم کۆدەبوونەوە، منیش مەوعیزەم بۆ دەدان، هەرجارێک لای خۆم ئایەتێکم دیاری دەکرد، لەسەر ئەو ئایەتە مەوعیزەم بۆ دەدان، کاتێک هاتمە شاری تاران تەماشامکرد کتێبی تەفسیر و تەرجەمەی قورئانی زۆرم بینی، ئیتر ئەوەش زیاتر هانیدام و بوو بە پاڵنەرێکی باش بۆم، ئەوەش بڵێم: لەم پڕۆژەی تەرجەمەیەدا چیرۆکێکی سەیر هەیە بۆتان باسبکەم، من کتێبێکم دەستکەوت بە ناوی (نەزانی مزگانی کوردی) کاتی خۆی کابرایەک بە ناوی (دکتۆر سەعیدخانی کوردستانی) دەبێتە مەسیحی، ئەو کابرایە هەر چوار بەشەکەی ئینجیلی وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی، منیش لە زەمانی (شا)دا قورئانەکەم تەرجەمەکردو بە چاپی دەستی نووسیمەوە، لەگەل ئەو کتێبەدا هەردووکیانم برد بۆ لای وەزیری (فەرهەنگ) کە ناوی (پەهلبوود) بوو، زاوای حەمە رەزا شا بوو، ئینجیلەکە لە پاش دە سال لە کودەتای (رەزا شا) کەنیسەی مەسیحی لە شەقامی (قەوامولسەڵتەنە) لە تاران چاپی کردبوو، وتم: ئەو ئینجیلەم هێناوە، تەماشای بکە، دیارە ئەو کوردی نەدەزانی، تا بیخوێنێتەوە، بەڵام پێشەکییەکی بە فارسی بۆ نووسرابوو، بەخێرایی چاوی پێداخشان، دواتر دایناو پرسی، کارت چییە؟ وتم ئەو قورئانەم تەرجەمە کردووە، ئەگەر لوتف بفەرمووی چاپی بکەی، راستیەکەی من بۆیە قورئانم بۆ کوردی وەرگێڕا بۆ ئەوەی زمانی کوردی تێکەل بە زمانی قورئان بێت، بەرەکەت پەیدا بکات و پێی گەورە ببێت، بەڵام بۆ ئەوەی بۆم چاپ بکەن وتم: بە (پەهلبود) قوربان ئەم ئینجیلە بۆیە کراوە بە کوردی تا خەڵکی بانگ بکات بۆ سەر ئایینی مەسیحی، منیش بۆیە قورئانەکەم وەرگێڕاوە بۆ زمانی کوردی، بۆ ئەوەی خەڵکی لەسەر ئاینی ئیسلام بمێنێتەوە، بەڵام ئەو وتی: من ناتوانم بۆت چاپ بکەم، وتم: بۆچی؟! هۆکارەکەم پێبڵێ، دیاربوو هیچ بەڵگەیەکی نەبوو، وتی: ئێمە کوردی بە زمان ناناسین، بەڵکو بە شێوە زار دەیناسین، کوردی زمان نییە، تەنها شێوەزار (لەهجە)یە، هەرچی شێرو رێوییم بۆ هێنایەوە، چەند لێی پاڕامەوە سوودی نەبوو، وتی: گوێ بگرە، ئەگەر ئێمە ئەو تەرجەمە کوردییەی قورئان چاپ بکەین ئەوا زمانی کوردی پیرۆزی پەیدا دەکات، گەورە دەبێت، بەرەسمی دەبێتە زمان، ئەوکاتە کێشەیش بۆ زمانی فارسی دەنێتەوە، بۆیە بۆت چاپ ناکەین، ئەو کتێبە مایەوە تا ئینقلاب کرا، خۆتان دەزانن پاش ئینقلابیش بە داخەوە شەڕ پەیدا بوو، کاتێک کۆتایی بەشەڕی عێراق ـ ئێران هات گۆڤاری (ئاوێنە) لێرە دەرچوو، من نەخۆشبووم رۆژێک ئەوان هاتن بۆ لام، باسیی ئەو کتێبەم بۆ کردن، پێشتر بە دەوڵەمەندە کوردەکانم دەوت کاکە ئەم کتێبەم بۆ چاپ بکەن، دڵنیابن تەنها خێری دوارۆژی تێدانییە، چۆن چایی فرۆشی، فەرش فرۆشی قازانجی ماڵی تێدایە، ئاوا ئەمیش قازانج دەکات، وەلی کوردەکەی خۆمان گوێیان بە فەرهەنگ و زمان و ئەو شتانە نەدەدا، دیارە لە سەدری ئیسلامدا کورد وانەبوو، واقیعەن کورد زانستی ئیسلامی بوژاندەوەو نووسییەوەو پەرەی پێدا، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ئەمانە کوردیان فەرامۆش کردو کوردیش لە زانست دوورکەوتەوە، بۆ ئەوانم گێڕایەوە، وتیان بیدە بە ئێمە بۆت چاپ دەکەین، بەڵێ بردیان ئەوانیش یازدە سال هێنایان و بردیان پاش یازدە سال، ساڵی-1997-بە تیراژی پەنجا هەزار چاپیانکرد، بەڵام بەداخەوە لە چاپی دووەمدا بەبێ ئاگاداری من دەستکاریی مانای ئایەتی (106)ی (ال عمران)یان کردبوو، من نووسیومە قاچەکانتان بشۆن، ئەوان کردوویانە بە قاچەکانتان مەسح بکەن، زۆرم لا ناخۆش بوو، شکاتم لێکردن، ئەوەبوو ئەوان مەحکوم بوون، ئێستەش بەڵگەنامەکانی دادگام لایە.

 

+ کێ دەستکاری کردبوو؟

 ـ ناشرەکە دەستکاریی کردبوو، کە پێی دەڵێن: ستادی مەنتیقە دووی تەبلیغاتی ئیسلامی.

 

+ جگە لەم کتێبە چەند کتێبی ترت نووسیوە کە چاپکرا بێت، چەندیشت ئامادەی چاپە؟

 ـ عەرزتان بکەم (19) کتێبی ترم چاپکردووە، ناکرێت ناوی هەمووی بڵێم هەروەها (2) کتێبم بە ناوەکانی (تەفسیری سورەی یوسف)، وەرگێڕانی کتێبی (مشكاة الانوار)ی ئیمامی غەزالی، ئامادەی چاپن، کتێبێکیشم بە دەستەوەیە بە شێوەی دائیرەتولمەعاریف هەندێکم لێنووسیوە.

 

+ وەک بیستوومانە پاش دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران تۆ یەکەم گۆڤاری کوردییت دەرکردووە، ئەو گۆڤارە ناوی چیبوو؟

 ـ بەڵێ، لە زەمانی شەڕی عێراق ـ ئێراندا دەرم کرد، ناوی (گرشەی کوردستان) بوو، بەهۆی ئەو شەڕەوە زۆر قورسبوو، دابەش نەدەکرا، تەنها (9) ژمارەی لێدەرچوو، پاش (9) ژمارە وەستاندم.

 

+ ئاستی رۆشنبیری و فەرهەنگی کورد لە ئێراندا، لە هەڵکشان، یان لە داکشاندایە؟

 ـ خۆشبەختانە ئێستا لە کوردستاندا بە هۆی ئەوەی زانکۆمان زۆرە لە پێشڕەوییدایە، لە زەمانی (شا)دا لە کوردستان زانکۆ نەبوو، وەلی ئەمڕۆ لە کرماشان، سنە، ورمێ، مەهاباد، سەقز و بۆکان، زانکۆ هەیە، شانبەشانی زانکۆکانی فارس و تورکنشین، رۆڵەکانی کورد بەشدارن، بۆیە ئێستا کەسایەتی نووسەر و رۆشنبیری گەورەمان هەیە، ئەهلی قەڵەم و خوێندەواری باشمان هەیە، چاوەڕوانی ئاییندەیەکی گەش لە رۆڵەکانی کوردی ئێران دەکەم.

 

+ هەست ناکەیت کورد کەمتەرخەمە لە نووسینەوەی مێژووی خۆیدا؟

 ـ سەد دەرسەد وەهایە، ئیمامی غەزالی دەڵێت ئیسلام لەسەر چوار پایە وەستاوە، سیان لەو پایەبەرزانە کوردن، کە بریتین لە زانای ئامەد، دەینەوەر، شارەزوور، ئەگەر خودا ئەو سێ زانایەی بۆ ئیسلام نەناردایە، ئیسلام ئاوا پەرەی نەدەسەند و پێشنەدەکەوت.

 کوردەکەی ئێمە بە گیان و بە دل چونە ناو رۆحی ئیسلامەوە، لە ئەنجامدا بە هۆی سەرقاڵی و گرنگیدانیان بە زانستە ئیسلامییەکانەوە، مێژووی خۆیان فەرامۆش کرد، کورد رۆڵی گەورەی لە ئیسلامدا بینی، چ دوێنێ، چ ئەمڕۆش، لە مێژووی هاوچەرخدا گەورەترین قورئانخوێن کوردە، مەبەستم شێخ عەبدولباست عەبدولسەمەدە، قەڵەم بەدەستە گەورەکانی میسر هەر کوردی تێدایە، وەک ئەحمەد شەوقی، ئیتر ئاوا مێژووی خۆیان نەنووسیەوە، تەنانەت مێژووی سەڵاحەددین ناکورد نووسییەوە.

 

+ باسی سەڵاحەددینت کرد، ئەمڕۆ هەندێک کەس پەیدا بوون، سەڵاحەددین بە جێگەی شانازی کورد ناناسن، بەڵکو پەنجەی تۆمەتیشی بۆ درێژ دەکەن، ئێوە پێتان وایە ئەو بیرۆکەیە راستە، یان پێـتوایە بێویژدانی تێدایە؟

 ـ با بە قسەی ئایەتوڵڵا مەردۆخی دەس بە وەڵامەکەم بکەم، لە راستییدا ئایەتوڵڵا مەردۆخی عجوبەی زەمان بوو، ئەو دەڵێت: کورد کاتێک کورشی بانگ کردە ئەکباتان (هەمەدان) کە پایتەختی مادەکان بوو، قاپیەکەی دۆڕاند، لە دواییدا لەسەدەی چوارەم کابرایەک پەیدا بوو بە ناوی (حەسنەوەی) دواتر (بەدر) بیری کوردایەتی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییان داڕشت، دوای ئەوان (سەڵاحەددین)، مەردۆخی سەڵاحەددین بە بوژێنەری نەتەوەی کورد دادەنێت. پێیوایە سەڵاحەددین جێگەی شانازییە بۆ جیهانی ئیسلامی، ئاواش جێگەی شانازییە بۆ هەموو نەتەوەی کورد، ئەمە وەکو قسەی گەورە پیاوێکی خۆمان، بەڵام دەڵێن: فەزیلەت ئەوەیە (دیگران) خەڵکانی تر باسی چاکەت بکەن، کابرایەکی مەسیحی کە بە قەڵەمی خۆی شەڕی خاچپەرستانی نووسیوە، دەڵێت: سەڵاحەددینی ئەییوبی بە عەقل و مەعریفەت و مرۆڤدۆستانە ئێمەی لە ئۆرشەلیم کردە دەرەوە، بۆ خۆی بە دوومان دەکەوت سواری کەشتیی دەکردین، کڵێساکانمانی ئاوەدان دەکردەوە، مافی قەشەو مەترانەکانی دیاری دەکردو بە پاسەوانە کوردەکانیشی دەوت ئاگادارییان بکەن، پاشای فەڕەنساو ئینگلیزو ئەڵمان بە خۆیان و سەربازەکانیانەوە هاتبوونە ئۆرشەلیم، ئەو کابرا مەسیحییە دەڵێت: یەکێک لە کوڕەکانی سەڵاحەددین وتی: بە باوکی، قوربان ئەوان لەوسەری دونیاوە هێرشیان بۆ سەر ئێمە هێناوە، مۆڵەت بفەرموو با هەندێک لە دیلەکان بکوژین، سەڵاحەددین وتی: نەخێر ئەوانیش مرۆڤن، مافی ژیانیان هەیە، تو چووزانیت لای خودا نرخی ئەوانە چۆنە، با موسڵمانیش نەبن، خۆ وەک ئێمە ئادەمیزادن، دەڵێت: ئەو قسانە بوونە هۆکاری ئەوەی ئێمە لەگەل سەڵاحەددین رێکبکەوین و ناوچەکەی بۆ چۆل بکەین. ئەگەر تەماشای بکەیت دەبینیت زۆربەی زۆری قازی و پلە دارەکانی کورد بوون، بۆ نموونە قازی ئیبن خەلەکان، بەرپرسی سەربازیی و مەدرەسە ئایینییەکانی زۆربەیان کوردبوون، ئەوەندەی سەڵاحەددین و خانەوادەکەی ئەو، مزگەوت و قوتابخانەی ئایینییان بوژاندەوە، ئەوەندە عەرەب پێیەنەکراوە، ئەوە دوو کتێب لە کتێبخانەکەی مندایە بە ناوەکانی (ئەعلامی زارەکلی) و (موعجەمولئەعلامی عومەر رەزا کەحالە) پڕن لەو قسانەی لەسەر سەڵاحەددینی ئەییوبی باسکراون، بۆ نموونە ئەگەر لە جەنگێکدا سوپاکەی تێکبشکایە، دەچوو سەرلەشکرەکەی دەگۆڕی بۆ کەسێکی کورد، دەیوت: بۆیە تێکشاون کورد نەبووەتە سەرلەشکر، هەرکەس قسە بە سەڵاحەددین بڵێت، قسەی بە خۆی وتوە، خۆی بچووک کردۆتەوە.

 

+ لە کوردستانی باشوور هەوڵێک بۆ گۆڕینی ئەم ڕێنووس و پیتە کوردییەی ئێستا هەیە، بۆ پیتی لاتینی، کورد کاروانە رۆشنبیرییەکەی پێش دەکەوێت، یان لە دواپلەی پەیژەکەیدا مارەکە دەیخوات و دەگەڕێتەوە خاڵی سفر؟

 ـ ژیان تەجرەبەیە، دەبێت لە ئەزموونی یەکدی کەڵک وەربگرین، ئێمە پێمان خۆشبێت و پێمان ناخۆشی بێت کوردی و فارسی یەک ریشەی هەیە، رۆژێک بە فارسێکم وت: ئێوە دەڵێن لەب، ئێمە دەڵێین لێو، ئێوە دەڵێن: سیب ئێمە دەڵێین سێو، ئێوە دەڵێن: ئاب، ئێمە دەڵێین ئاو، ئێوە دەڵێن: دەست، ئێمە دەڵێین دەس، هەمووی یەک ریشەی هەیە ئەم نموونەیەم بۆیە هێنایەوە، لە زەمانی رژێمی شادا ویستیان ئیملای فارسی بگۆڕن بۆ لاتینی، هەرزوو بەرپەرچی درایەوە، وتیان ئەگەر وا بکەین وەک وڵاتی تورکیامان لێدێت تەواوی کولتوورو فەرهەنگی پێشووی خۆیان لەدەست دا، جا من لە ساڵی-1371-ی کۆچی هەتاوی دا رۆیشتم بۆ تورکیا لە ئەستەمبوڵ چوومە سەر گۆڕی عەبدوڵڵا ئەنساری، تابلۆیەکی ژیانی لەسەر بوو بە زمانی عەرەبی نوسرابوو، من دەمخوێندەوە تورکەکان لێم خڕبوونەوە، دەیانوت خۆشبەحاڵت تۆ لێی تێدەگەیت، وەلی ئێمە نازانین چی لەسەر نووسراوە، جا ئەگەر کوردیش پیتە کوردییەکەی خۆی بگۆڕێت، دەبێت دەست لە دیوانی شاعیرانی وەک: مەلای جەزیری، ئەحمەدی خانی، عەلی هەریری، عەلی تەرەمەخی، مەلا پەرێشان، وەفایی، میرنەورۆزی لوڕستانی، بێسارانی، مەولەوی، سەیفولقوباد.. هتد، بەربدەین، ئەمەش ناکرێت خۆ هیچمان بۆ نامێنێتەوە هەرچی کتێبمان هەیە لە بەین دەچێت، من بە هەموو شێوەیەک دژی ئەوەم نابێت بیگۆڕین، دەبێت سوود لە ئێران وەربگرین چۆن ئەو نەیگۆڕی، ئێمەیش نەیگۆڕین.

 

+ ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە لە بواری ئەفسانەو پەندو بەسەرهات، تۆ لەو کولتوورو کەلەپورە زۆرەدا هیچت کۆکردووەتەوە تا لە دوو توێی کتێبێکدا بیانپارێزیت؟

 ـ کاتی خۆی ئۆسکارمان کە گەڕیدەیەکی بیانی بوو، هاتووەتە مەهاباد کۆمەڵێک بەیت و باوی لە دەمی شاعیرەکان کۆکردووتەوەو چاپیکردووە، دواتر کۆمەڵێک لێکۆڵەر لە لاتینییەوە هێنایانە سەر زمانی کوردی، هەروەها عوبەیدوڵڵای ئەیوبییان داستانی مەم وزینی ئەحمەدی خانی هێنایە سەر زمانی کوردی، پاشان مام هێمن (توحفەی موزەفەرییە)ی بە تەواوی هێنایە سەر زمانی کوردی، ئەمانە کورد نەینوسیون، بەڵام باپیری من (حاجی مەلا موحەممەدی خەلیفە بەها) لە کاتی خۆیدا دەیانی شیعری بە کوردی نووسیوە، جگە لەوەی بە فارسیی و عەرەبیش هەیبووە، هەروەها کتێبی (سەفەرنامەی حەج)ی بە کوردی نووسیوە، کاکم کتێبی قارەمانانی کوردی بە کوردی نووسیوە. وەکو خۆم کتێبێکم بەناوی (باوی کوردەواری) چاپکردووە، کە کۆمەڵێک بەسەرهاتەکانی فەقێیەتیم کۆکردۆتەوە، کتێبێکی ترم بەناوی (کۆزاری فەرهەنگی زمانی کوردی) دووجار چاپکراوە.
کاتێکیش قورئانم وەرگێڕا بۆ سەر زمانی کوردی مەبەستێکم هەبوو زمانی کوردی پێبپارێزم و کەس زاتی ئەوەی نەبێت دژایەتی بکات و قەدەغەی بکات، ئەوەشم لەوەوە بۆ هات کاتی خۆی کابرایەکی دانشمەندی مەسیحی بەناوی (دونێر) دەڵێت ئێمە زمانی کۆنمان هەیە کە ئینجیلی پێنووسراوە، رۆشنبیرو ئەهلی قەڵەمەکانمان هاتن زمانی ئینجلییان کردە زمانی خۆمان بۆ ئەوەی زمانەکەمان پیرۆزیی پەیدا بکات، ئەو قسەیە زۆر کاری لەسەر من هەبوو، بۆیە منیش قورئانم تەرجەمەی کوردی کرد، ئێمەی کورد فەرهەنگی کۆنمان هەیە، ئەگەر تەماشای کتێبە زانستییەکان بکەین، بۆ نموونە کەسێک هەبووە بە ناوی (ماسیی سۆراتی) ئەم کابرایە بەر لە ئایینی ئیسلام، بەر لە پەیدابوونی خەتی مێخی، کتێبی نووسیوە بە زمانی کوردی هەر بە ئەم ئەلف و بێیەی ئێستا نووسیویەتی، هەروەها بەر لە ئیسلام ئیبنونەفتییە کتێبێکی لە کوردییەوە بۆ عەرەبی تەرجەمە کردووە، کە لە بواری ئاوناسیی و زەوی بایەردا نووسراوە، واتە ئەو زەوییەی نەکێڵرابێت.

 من باوەڕم وایە ئەو کتێبانەی لە بەغدا مەغۆلەکان کردیانە رووباری دیجلەو دیجلەی رەش کرد هەمووی ئەو کتێبانە بووە کە لە سەردەمی مادو ساسانییەکان کورد نووسیویەتی، ئەو کارەساتە وای کرد سەعدی شیرازی ئەوکاتە لە بەغدا نیشتەجێ بوو شیوەنی بۆ بکات، پاشان مەغۆلەکان گرتیان و شەللاقیان لێداو ئەویش دواتر هەڵات بۆ شیرازو لەوێ نیشتەجێ بوو.

 ئێمە وشەی (شین)مان هەبوە، شین بە مانای رەنگ نا، بە مانی (کبود) باباتاهیری عوریان کە یەکەم شاعیری کوردی زاگرۆس نشینە کە بە زمانی کوردی شیعری نووسیوە، دەڵێت: بشەم، واشەم، ئەوڕۆ دەڵێن شاندی مەولەوی دەڵێت: دیدەی سەر ئەرشین، دیدەی سەرکاف، شین واتا رۆیی، مەولانا خـالیدی نەقشبەندی دوای ئەوان هاتوەو دەڵێت: (وەسێزدەهەنی ئەو خۆر جەبینە، راهی بوو شین وەمەدینە) واتە لە سێزدەی رەبیعولەئەوەل پەیامبەر (درودی خوای لێبێت)رۆشتە مەدینە، (شین) یانی رۆشتن، شین بۆ کۆیە، شی بۆ تاکە دەبو وبیویتایە (شی وەمەدینە)، چونکە موحەممەد (تاکە)، بەڵام دەڵێت شین، بۆ عەزەمەت و مەزنی بۆ حەزرەتی موحەممەد (درودی خوای لێبێت) وای وتووە، مەبەستم ئەوەیە زۆر شت هەیە فەوتاوەو زۆریشی هــــــــەیە لە مەترسی لەناوچووندایە، دەبێت کورد خەمی بخوات، کۆی بکاتەوەو بیپارێزێت. ئەوکارانەی باسمکردن ئەوانەم پێکراوە کەسانی تریش هەن خەمی دەخۆن.

 

 سه‌رچاوه‌: کۆمه‌ڵنیووز

 

 

لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کیی بێستان

 

 

 

bestan.net ©

٢٠٠٧  - ٢٠٠٨

bestan1359@hotmail.com