|
گفتوگۆیه‌کی کورت له‌گه‌ڵ مامۆستا ئه‌ییووب گه‌نجیی سه‌باره‌ت
به چۆنیه‌تی ده‌ستگیرکردنیان
و هۆکاره
پێوه‌ندییداره‌کان
وه‌رگێڕانی له
فارسییه‌وه: گوڵاڵه عه‌بباسیی
سه‌رچاوه:
وێبلاگی سه‌له‌فیی
تایبه‌ت به
ماڵپه‌ڕی بێستان

پێش هه‌ر پرسیارێک
ده‌مه‌وێت باسی ته‌ندروستیی جه‌سته و، حاڵی گشتیی خۆتمان بۆ
بکه‌ی.
- له لوتفی خودا و سایه‌ی نزای
ئیماندارانی پاک هه‌ر رۆژه و روو له باشیم، به به‌راورد
له‌گه‌ڵ رۆژه‌کانی پێشوو زۆر باشترم، بیر و هۆشیشم باشه، شتی
رابردووم بیر ماوه، هه‌ڵبه‌ته کۆنترۆڵی ته‌واوی مێشکم له
ده‌ست خۆمدا نییه، وه‌کو پێشوو ناتوانم بابه‌ته‌کانم ڕێکوپێک
بکه‌م و به ڕێکوپێکیی ناتوانم قسه بکه‌م، دووچاری دوودڵیی و
گومان و شوبهه ده‌بم، قسه‌کانم زۆر دووپات ده‌که‌مه‌وه.
زۆرجاران پێم وابێ بۆ ده‌وروبه‌ره‌که‌م ئه‌و شته‌م ده‌بێته هۆی
ناڕه‌حه‌تیی. ئه‌گه‌ر ناڕه‌حه‌ت بم و تووڕه بم ئه‌وا تا چه‌ند
رۆژ سه‌ریه‌شه‌یه‌کی زۆر دام ده‌گرێ، وه ئه‌و کاتیش بیر و هۆشم
سه‌رله‌نوێ تێکده‌چێته‌وه. خه‌وم زۆر بووه و ناتوانم خۆم
کۆنترۆڵ بکه‌م، توانا و تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌م نه‌ماوه، زۆرتر
ته‌نیایی و دوور له خه‌ڵکم پێخۆشه.
پرسیار/ له‌و رۆژانه‌ی که
ده‌ستگیر کران و ڕفێنران، شتێکتان له‌بیر ماوه؟
وه‌ڵام/ به‌ڵێ، له بیرمه له
به‌رده‌م کتێبخانه‌ی گشتیی سنه که چووبووم بۆ ئه‌وێ بۆ
په‌یداکردنی کتێبێک، پێش ئه‌وه‌ی بچمه ژوور یه‌کێک هات و قسه‌ی
له‌گه‌ڵ کردم، ئوتومبێلێکیش به‌رامبه‌رم راوه‌ستا. دوای هه‌ندێک
قسه‌کردن یه‌کێک خۆی وه‌کو فه‌رمانبه‌رێکی ئیتیلاعات ناساند. بۆ
ئه‌وه‌ی چاوم بکه‌وێت به حاجی ئاغا نووری (یه‌کێک له
به‌رپرسانی ئیتیلاعاتی سنه) وه حاجی ئاغا مه‌نصووری له
ئیتیلاعاتی تاران، ئه‌منیان سواری ئوتومبێل کرد و به‌ره‌و کێوی
ئاویه‌ر که له‌وێ قه‌رار بوو یه‌کتر ببینین وه‌ڕێ که‌وتین.
به‌ڵام ده‌ستبه‌جێ که له ئوتومبیله‌که هاتینه خوارێ له
شوێنێکی چۆڵی لای کێوه‌که له پشته سه‌ریان دام و له هۆش خۆم
چووم.
کاتێک له هۆش خۆم هاتمه‌وه دوو فارس
خه‌ریکی تاشینی سه‌ر و ڕیشم بوون، یه‌کێک منی گرتبوو و ئه‌وی
دیکه‌ش خه‌ریکی تاشین بوو. زۆر به دڵڕه‌قیی هه‌ڵسوکه‌وتیان
له‌گه‌ڵ ده‌کردم. ئه‌وجار پێم زانیی که‌وتوومه داوێکه‌وه.
نه‌مده‌زانی له کوێم و لای چ که‌سانێکم. ئه‌و چه‌ند رۆژه له
ژوورێکی سارددا به‌ند بووم که ته‌نیا یه‌ک ته‌والیتی تێدا بوو
که زۆربه‌ی کاته‌کان منیان له‌وێدا زیندانیی ده‌کرد. له‌و
ته‌والیته‌دا شه‌و و رۆژم راده‌برد. زۆر سارد بوو وه له
که‌لێنی ته‌والیته‌که‌وه دیار بوو که ئه‌و شوێنه‌ی ئێمه‌ی لێین
چۆڵگه‌یه‌که. له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وێش ده‌شتێکی سپی بوو پڕ له
به‌فر. هه‌ر له‌و چه‌ند رۆژه‌ی یه‌که‌مدا جل و به‌رگه‌کانیان
له‌به‌ر داکه‌ندم و جل و به‌رگێکی که‌م تا کورتێک گه‌رمیان دامێ
و شاڵوارێکی پشووی ڕه‌شیشیان، که تایبه‌ت به زیندانییانه،
دامێ.
پرسیار/ مه‌گه‌ر پێش
ره‌مه‌زان جارێکی دیکه ئێوه‌یان نه‌ڕفاندبوو، بۆچی ئاوا بێ
ئیحتیاتیاتییتان کرد؟
وه‌ڵام/ نا، ئه‌مجاره ئه‌سڵه‌ن
وه‌کوو جاری پێشووم نه‌کرد، ته‌نیا بۆخۆم نه‌ده‌ڕۆیشتمه
ده‌ره‌وه، وه‌ڵامی ته‌له‌فۆن و میوانه گومانلێکراوه‌کانم
نه‌ده‌دایه‌وه. حاجی ئاغا نووریش زۆر جاران بۆ لێکۆڵینه‌وه له
من و ئاگاداربوون له کاره‌کانم په‌یوه‌ندیی به منه‌وه ده‌کرد.
هه‌ندێک جار له میوانخانه‌کانی سنه لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر من
ده‌کرد، هه‌ندێک جاریش له کێوی ئاویه‌ر قه‌راریان داده‌نا. له
ناو ئوتومبێل و به رێگه رۆیشتندا قسه‌کردن هه‌بوو، جاری واش
هه‌بوو ده‌هاتنه ماڵێ. که‌واته ئه‌و کاره رابردوویه‌کی هه‌بوو
و شتێکی تازه و سه‌یر نه‌بوو لای من. ئه‌منیش هه‌ر ساتێک
چاوه‌ڕوان بووم هه‌م له‌به‌ر ووتاری رۆژی هه‌ینیم هه‌م له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی که ئاغای نووری گوتوبووی که به‌و زووانه بانگ ده‌کرێی
بۆ ئتیلاعاتی تاران و ده‌یانه‌وێت لێکۆڵینه‌وه‌ت له‌سه‌ر بکه‌ن
وه وه‌ڵامده‌ری ئه‌و کرده‌وانه‌ت بی و ئه‌و سه‌فه‌رانه‌ی که
کردووتن بۆ چه‌ند پارێزگایه‌ک. ته‌نانه‌ت جه‌ختیان له‌سه‌ر
ئه‌وه کردبۆوه که که‌س له‌گه‌ڵ خۆم نه‌به‌م و که‌سیش ئاگادار
نه‌که‌مه‌وه.
پرسیار/ به‌پێی ئه‌و
زانیارییانه‌ی که له‌لایه‌ن ئیتیلاعات و هێزی نیزامییه‌وه
بڵاوبۆته‌وه، ئه‌و خاڵه زۆر گه‌وره ده‌که‌نه‌وه که تۆ کاتی
سواربوونی ئوتومبێل ده‌م و چاوی خۆتت داپۆشیوه، وه ئیدیعا
ده‌که‌ن که بۆخۆتان چوون، بۆمان ڕوون بکه‌وه...
وه‌ڵام/ ئه‌وه زۆر جێی پێکه‌نینه.
ده‌زانی چییه، چونکه ئاغاکان نازپه‌روه‌رده‌ن و بودجه‌ی خه‌ڵکی
مه‌زڵوومی کوردستانیان له‌به‌ر ده‌ستدایه و له ته‌نیشت کووره‌ی
گه‌رم خۆشیی و سه‌فا ده‌که‌ن، سه‌ربازی بێچاره که‌لوپه‌لی
ماڵه‌وه‌یان بۆ ده‌کڕن و خۆیان پێویستییان به چوونه‌ده‌ره‌وه
نییه. له رۆژانی سه‌رمادا ئاگایان له سه‌رمای زۆر و بارینی
به‌فری زۆری ئه‌و رۆژه نییه. من پارچه‌یه‌کی سپیم له گه‌ردنم
ئاڵاندبوو به نیازی خۆپاراستن له سه‌رمای ئه‌و رۆژه هه‌روه‌کو
هه‌موو که‌سانی دیکه‌ی ئه‌و شاره، وه چونکه ئاویشم به لووتی
دا ده‌هاته خوارێ لووتیشم هه‌ر به‌و په‌ڕۆیه گرتبوو.
ئه‌گه‌ر هه‌موو ده‌م و چاوم داپۆشیبێ چۆن ئه‌وان توانیویانه
بمناسنه‌وه؟ پاشان ئه‌و قسه‌یه زۆر منداڵانه و گاڵته‌ئامێزه.
من ئه‌گه‌ر سه‌فه‌ر بکه‌م هه‌میشه ساک و که‌لوپه‌له‌کانم
له‌گه‌ڵ خۆمدا ده‌به‌م. پاره‌ی ته‌واو و به‌ڵگه‌نامه له‌گه‌ڵ
خۆمدا ده‌به‌م. وه له‌و جاره‌وه که ئه‌و به‌ڵایه‌م به‌سه‌ر
هاتووه بۆ هه‌ر جێگایه‌ک بڕۆم ئاگاداریان ده‌که‌مه‌وه. ئه‌گه‌ر
مه‌به‌ستی رۆیشتنم بۆ شوێنێک هه‌بایه به دڵنیایییه‌وه
بنه‌ماڵه و هاوه‌ڵه‌کانم ئاگادار ده‌کرده‌وه. چونکه ده‌می
نیوه‌ڕۆ بگه‌ڕێمه‌وه ته‌نانه‌ت مۆبایله‌که‌م که له شاڕژدا بوو
وه به‌ڵگه‌نامه و کارتی خۆم و شتی دیکه‌ش له کن کتێبه‌که‌م له بیر
چووبوون. سه‌فه‌رکردنی من ئه‌وه‌نده بێبه‌رنامه نییه
به‌تایبه‌تیی له وه‌رزی زستاندا و به‌بێ پۆشاکی گه‌رم و
سه‌ره‌تاییترین پێویستییه‌کان. ئه‌وه شاییعه‌یه‌کی ئه‌حمه‌قانه
و درۆیه.
پرسیار/ دادگا ئیددیعای
ئه‌وه ده‌کات که له‌به‌ر کێشه‌ی خێزانیی ڕۆیشتووی! چی ده‌ڵێی؟
وه‌ڵام/ ووتم که به دڵخوازی خۆم
نه‌ڕۆیشتووم، ڕوونم کرده‌وه که من چۆن ده‌چمه سه‌فه‌ر. ئێمه
کوردین وه هه‌ر کاتێکیش کێشه‌یه‌کمان هه‌بێت کوردانه
هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ین! نه ئه‌وه‌ی که له ماڵ هه‌ڵبێین. ئه‌و
ئاغایانه وا ده‌زانن که هه‌موو که‌س له سه‌ر دینی ئه‌وانه.
پرسیار/ به
بۆچوونی ئێوه ئه‌و کاره له‌لایه‌ن چ که‌سانێکه‌وه یان
گرووپێکه‌وه ئه‌نجام دراوه؟
وه‌ڵام/
له سه‌ره‌تادا ڕاستییه‌که‌ی نه‌مده‌زانی له‌لایه‌ن چ
که‌سانێکه‌وه ڕفێندراوم، به‌ڵام که لێکۆڵینه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد
دڵنیا بووم که گیرۆده‌ی ده‌ستی هێزه‌کانی ئیتیلاعات بووم.
دیاره نازانم ڕفێندرانه‌که‌م کاری ئه‌وان بوو یان دوایی
به‌رده‌ستی ئه‌وان که‌وتووم، به‌هه‌رحاڵ کاتی پرسیارکردن وه
داواکارییه‌کانیان – به قه‌ولی خۆیان- به دوای ئیعترافدا
ده‌گه‌ڕان. وه تێگه‌یشتم که ئه‌وه داوای هێزه‌کانی
ئیتیلاعاته.
پرسیار/ مه‌گه‌ر چۆن
پرسیارێکیان ده‌کردن؟
وه‌ڵام/ ئه‌وانه بوون:
- چ که‌سانێک تۆیان هانداوه بۆ ئه‌و ووتارانه؟
له‌لایه‌ن کام لایه‌ن و حیزب و گرووپه‌وه هاتبوون؟
- چه‌ندیان پووڵ پێداوی؟ قه‌ولی چه‌ندیان پێداوی؟
ئاغای زارعیش له‌و کاره‌دا شه‌ریکه؟
- کێ ده‌یویست تۆ بچی بۆ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات؟ کێ
ده‌یویست تۆ ده‌ربکات؟
- سه‌ردانی کام له سه‌رانی دژی شۆڕشت کردووه؟
- ئایا "دووه‌می خوردادییه‌کان" به‌ڵێنێکیان پێ
داوی؟ جه‌لالیزاده و هاوبیره‌کانی فریویان دای؟
- ئایا ئه‌وان ئه‌و ووتارانه‌یان بۆ تۆ ئاماده
کردووه؟
- له‌گه‌ڵ "عبدالمالک ریگی" و "قاعیده"
په‌یوه‌ندییت هه‌بوو؟ کێ که‌سی په‌یوه‌ندییدارتان بوو؟
- چ که‌سانێکت بۆ کاری تیرۆریستیی ناردووه؟
- ئه‌و کوردانه‌ی له ئه‌فغانستان کوژراون چۆن
نێوی تۆیان ده‌زانی؟
- مه‌گه‌ر له دادگای هه‌مه‌دان پێیان
نه‌ووتبووی که ئیدی له‌و قسه هیچ و پووچانه نه‌که‌ی و ووتار
نه‌ده‌ی، بۆ دووباره‌ت کردنه‌وه؟
وه زۆر شتی له‌و بابه‌ته که هه‌موویانم له
یاد نییه.
پرسیار/ ئایا
ئه‌شکه‌نجه‌ی جه‌سته‌ییشیان داوی؟
وه‌ڵام/ له رۆژه‌کانی یه‌که‌مدا
مستلێدان و شه‌ق و قامچی لێدان هه‌بوو، به‌ڵام رۆژانی دواتر
ئه‌وانه نه‌مان. ئه‌شکه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی زۆرتر سێ شت بوو:
هێشتنه‌وه له گه‌رمایه‌کی تونددا، خواردن پێنه‌دان به درێژایی
ئه‌و کاته، یه‌ک ژه‌میان دامێ ئه‌ویش ئه‌و شه‌وه‌ی ئازادیان
کردم، وه مشته‌کۆڵه که سه‌رمیان ده‌کوتا. به‌ڵام ئه‌شکه‌نجه‌ی
ده‌روونیی زۆر بوو. تاریکییه‌کی ته‌واو له‌گه‌ڵ ده‌نگه ده‌نگێکی
ترسناک، کفر و بێڕێزییه‌کی بێ ئه‌ژمار به خودا، به ره‌سووڵی
خودا(ص) به خێزان و یارانی پێغه‌مبه‌ر(ص). هه‌ر کاتێک سوێندم
به خودا و قورئان ده‌خوارد جنێو و قسه‌ی ناشیرینیان ده‌وت. له
دوای هه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌ست و چاوم
به‌سترابوون جۆره حه‌بێکیان ده‌دامێ که سه‌رم به ته‌واویی
گه‌رم ده‌بوو، دوای ئه‌وه ده‌ردێکی زۆری په‌یدا ده‌کرد. رۆژی
کۆتایی که به‌ڵێ ئازادم ده‌که‌ن دوای نانی ئێوارێ که پێیان
دام، سه‌رمیان له ڕێگه‌ی ئامێرێکی برقیی وه‌سڵ کردبوو که
له‌گه‌ڵ هه‌ڵیانکرد ده‌نگێکی ترسناک و وه‌حشه‌تناک له‌سه‌رم
په‌یدا بوو. هه‌ستم کرد که تا چه‌ند ساتێکی دیکه سه‌رم
ده‌ته‌قێته‌وه، دوای ئه‌وه تا سواربوونی ئوتۆمبیل
بێهۆش بووم. کاتێک وه‌هۆش هاتمه‌وه هیچ له رابردووم له بیر
نه‌مابوو، ته‌نانه‌ت ناوونیشانی خۆشم. دیاره ئه‌و وه‌زعیه‌ته
له دوای ئازادبوونیشم به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام بوو. هه‌ندێ
جار باش ده‌بووم وه هه‌ندێ رۆژیش وه‌زعم تێک ده‌چوو و که‌سم
نه‌ده‌ناسی و رووداوه‌کانم له‌بیر نه‌ده‌مان. به‌ڵام به لوتفی
په‌روه‌ردگار و نزای ئه‌و میلله‌ته موخلیسه‌ی که له
نیوه‌شه‌ودا نزای بۆ ده‌کردم، خودای گه‌وره شیفای دام و باش
بووم. ئه‌و که‌سانه‌ی که رۆژی یه‌که‌م منیان به‌و حاڵه‌وه
دیتبوو، ته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌که‌ی خۆشم، پێیان وابوو که به لانی
که‌مه‌وه یه‌ک مانگ ده‌خایه‌نێت تا ده‌که‌ومه‌وه سه‌ر پێ و
بتوانم قسه بکه‌م. به‌ڵام کاتێک خوداوه‌ند بخوازێت شتێک
ببه‌خشێت، کێ ده‌توانێ ڕێگریی لێ بکات؟!.
پرسیار/
له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی (روابط عمومی دادگستری) و
هێزی نیزامیی و ئیتیلاعاتی پارێزگا له‌به‌رده‌ستدا بوو
ده‌رباره‌ی ده‌ستگیرکردن و رفاندنی تۆ درۆیان کردووه. وه
بڵاویان کرده‌وه که به زووترین کات ئه‌نجامی
لێکۆڵینه‌وه‌که‌یان له‌سه‌ر جه‌نابت به خه‌ڵک راده‌گه‌یه‌نن،
ئایا به‌ڕێزت ئه‌و قسانه ته‌ئید ده‌که‌ی؟ وه چ چاوه‌ڕوانییه‌کت
هه‌یه که چ زانیارییه‌ک به خه‌ڵک بده‌ن له‌و باره‌وه؟
وه‌ڵام/
له خه‌ڵکی تێگه‌یشتووی کوردستان و ئه‌هلی سوننه‌تی سته‌مدیده و
مه‌زڵوومی ئێران، که شاهیدی درؤوتن و له‌ڕێگه‌لادانی
راستییه‌کانه له‌لایه‌ن ئاغایانه‌وه، باوه‌ڕکردن به‌و جۆره
پڕوپاگه‌ندانه زۆر به‌دوور ده‌زانم. مه‌گه‌ر له یادتتان نییه
که هه‌مان ئه‌و که‌سانه چه‌ندین مانگ له زیندانه‌کانی ئه‌و
"رێک و پێکانه"دا له به‌ندیخانه و له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا
بوون؟!!! به‌رپرسانی ئاساییش وتبوویان که ئێمه ئاگامان له شتی
وا نییه و به هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌و به‌رپرسیارییه‌تیه‌یان قبووڵ
نه‌ده‌کرد. به‌ڵام دواتر خودای گه‌وره راستییه‌کانی روون
کردنه‌وه.
مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه‌ش ئه‌وه‌یه که
جمهووری ئیسلامیی سیسته‌می رێک و پێک و تایبه‌تی نییه که
هه‌موو شتێک به یه‌ک جۆگه‌له ئاوی دیاریکراودا بێت و بچێ.
ئه‌وه راستییه‌که که هه‌ندێ جار کاتێک باندێک له ئاغایان
که‌سێک ده‌ستگیر ده‌که‌ن، ئه‌شکه‌نجه‌ی ده‌ده‌ن وه دوایه
ده‌یکوژن یان هه‌ڵیداوه‌سن ئه‌وجار ئۆرگانه‌کانی دیکه خۆیانی لێ
بێ‌ئاگا ده‌که‌ن.
له ئێران ته‌نیا ئیتیلاعات وه یا نیرووی
نیزامیی نین که خه‌ڵک ده‌ستگیر ده‌که‌ن و لێکۆڵینه‌وه‌یان
له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن به‌ڵکوو زۆر فه‌رمانگه و ئۆرگانی دیکه‌ی
یاسایی و نایاسایی له نێوخۆی نیزامدا هه‌ن و هه‌ر یه‌که خۆی
به خاوه‌نی ئه‌و شۆڕشه ده‌زانێ وه ڕێگه‌یان به خۆیان داوه
که فه‌رمان به چاکه بکه‌ن و خراپه نه‌هێڵن، وه به‌و
شێوه‌یه‌ی که پێیان خۆشه به‌رپه‌رچی خه‌ڵک بده‌نه‌وه.
ئه‌نجامی راپۆرتی شاره‌زایانه!!! هه‌ر له
ئێستاوه ئاشکرایه هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی که زه‌حمه‌تیان کێشا
له باره‌ی شه‌هید فارووقی فه‌رساد، شه‌هید ره‌بیعی و شه‌هید
ضیایی و هتد... خه‌ڵکیی له گومانی خراپ و سه‌رلێشێواویی ده‌رهێنن.
له باره‌ی منیشه‌وه ئه‌گه‌ر لاشه‌م په‌یدابایه‌وه به
دڵنیایییه‌وه به‌هۆی نه‌خۆشیی سه‌کته و راوه‌ستانی دڵه‌وه که
له‌ناو چالاکانی ئه‌هلی سوننه‌تتدا بڵاوه منیش به هه‌مان
نه‌خۆشییه‌کی ئاوا ده‌مردم به‌ڵام ئێستا که لاشه‌ی گیاندارم
په‌یدابۆته‌وه ئه‌نجامه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که بۆئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه
بشێوێنن و هه‌را و هۆریا دروست بکه‌ن و ده‌ستیان له‌گه‌ڵ
خه‌ڵکانی دژه‌شۆڕش تێکه‌ڵ بکه‌ن، ده‌ڵێن خۆی شاردۆته‌وه یان
چۆته سه‌فه‌رێک. هه‌ڵبه‌ته ده‌بێت ئه‌وه چاک بزانین که
خه‌ڵکی ئێمه ئه‌و جۆره خه‌ڵکه نین که باوه‌ڕ به خورافات
بکه‌ن وه‌کو ئه‌وان پێیان وایه. ناتوانرێ خه‌ڵکی ئێمه به هیچ
شێوه‌یه‌ک به‌و شته هیچ و پووچانه هه‌ڵبخه‌ڵێتێندرێن.
پرسیار/ هێزه‌کانی
ئاساییش و ئیتلاعات زۆرتر ره‌خنه له‌و خاڵه ده‌گرن که بۆچی
بنه‌ماڵه‌که‌ت رۆژی سێیه‌م ئه‌وانیان ئاگادار کردوونه‌وه؟
وه‌ڵام/ چاولێکه براله! ئه‌گه‌ر
مه‌به‌ستیان ئه‌وه بێ که چونکه بنه‌ماڵه‌که‌م هه‌واڵیان
نه‌داونێ ئه‌وانیش له وونبوونه‌که‌م بێ‌ئاگا بوون، ئه‌وه جێگه‌ی
سه‌رسووڕمانه بۆ هێزه‌کانی ئیتیلاعات و ئاساییش له‌وه‌ی که له‌و
شته‌ی له په‌نای خۆیان ده‌قه‌ومێ بێ‌ئاگا بن. ئه‌وه له
کاتێکدایه که ئه‌و هه‌واڵه له هه‌مان رۆژی یه‌که‌مدا له
رێگه‌ی کاناڵه‌کانی جیهانیی بڵاوده‌بێته‌وه. که‌واته روون و
ئاشکرایه که نابێ چاوه‌ڕێی ئاگاداریی بن له‌لایه‌ن
بنه‌ماڵه‌که‌مه‌وه. ئه‌وان (بنه‌ماڵه‌که‌م) له‌وه‌ی که
ناگه‌ڕێمه‌وه دڵنیا نه‌بوون، پاشان له‌به‌ر شڵه‌ژان و
ناڕه‌حه‌تیی و بێئه‌زموونیی خۆیان له‌و باره‌وه و شێوه‌ی یاسایی
ئه‌و کاره‌یا‌ن نه‌ده‌زانی، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه به‌بێ پێکهێنانی
کۆبوونه‌وه‌یه‌ک و وه‌رگرتنی بیروڕای ئه‌وان(ئاساییش) به په‌له
ده‌ستیان نه‌کردووه به شکایه‌تکردن. جا هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه
سروشتییه که کۆبوونه‌وه و ڕاوه‌رگرتن رۆژی دووه‌م پێکهاتووه.
له دوای ڕێنوێنییکردنی بنه‌ماڵه‌که‌م بۆ
نووسینی شکایه‌ت و به‌دواداچوونی کاره‌که له ڕێگه‌ی هێزه‌کانی
ئاسایشه‌وه ئه‌وان رۆژی سێیه‌م توانیویانه بچنه لای ئاغایان،
"پارێزه‌رانی گیان و ماڵی خه‌ڵك" بۆ ئه‌وه‌ی شوێن داواکاریی
خه‌ڵکه‌که بکه‌ون. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه پێم وایه هه‌ر که‌سانێک
بیانهه‌وێت ژیرانه و بێ ڕق و کین چاو له کێشه‌که بکه‌ن هیچ
کاتێک ئه‌و کاره‌ی بنه‌ماڵه‌که‌م به لاوازیی و گوماناویی
له‌قه‌ڵه‌م ناده‌ن.
پرسیار/
ئایا ئه‌و قسانه‌ی هێزه‌کانی ئاساییش و ئیتیلاعات ده‌رباره‌ی
پشتڕاستکردنه‌وه‌ی باشیی و سه‌لامه‌تیی ته‌واوی جه‌سته‌یی و
رووحی ئێوه له کاتی ئازادکردن و گه‌ڕانه‌وه‌تان، ته‌ئید
ده‌که‌ی؟
وه‌ڵام/
جوان سه‌رنج بده‌ن، کاتێک ئاغایان به خه‌ڵک ده‌ڵێن ڕێگه‌تان پێ
نادرێ قسه بکه‌ن، خه‌ڵک لاڵ ده‌بن، کاتێک ده‌ڵێن ڕێگه‌تان پێ
نادرێ بڕواننه شتێک، خه‌ڵک کوێر ده‌بن، به‌ڵام کاتێک بڵێن
ڕێگه‌تان پێ نادرێ بیر بکه‌نه‌وه ئه‌وا رێگه‌یان پێ نادرێ ژیر
بن. خه‌ڵک وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه که...! سه‌رم سووڕ ده‌مێنێ! چ
مرۆڤێکی ژیر و خاوه‌نهۆش که یه‌که‌م رۆژ منی دیتبێ ده‌یسه‌لمێنێ
که من ته‌واو له باری جسمیی و ده‌روونییه‌وه سه‌لامه‌ت بووم؟
مه‌گه‌ر خه‌ڵک هۆش و عه‌قڵی نییه که شێوه و توانایی من له
وتاره‌کانی دوو هه‌فته له‌وه‌پێش(پێش ئه‌و رووداوه) و شێوه و
تواناییم له‌کاتی ئازادبوونمدا به‌راورد بکه‌ن. به‌دڵنیاییه‌وه
لای ئاغایان دابه‌زینی کێشی مرۆڤێک له-١٣-رۆژدا
شتێکی ئاسایی و سروشتییه!. زه‌ینکوێر بوون و توانای ڕاوه‌ستان
و به‌ڕێگه‌دا ڕۆیشتن و قسه‌کردن، به سه‌لامه‌تی ته‌واوی
جه‌سته‌یی و ڕووحیی داده‌نێن . کام له پزیشکه‌کانم
له باری سه‌لامه‌تیی زه‌ینم و مێشکم بۆچوونیان داوه؟ بۆچی
ئێمه و خزمه‌کانمان، که له ناو جه‌رگه‌ی رووداوه‌که‌داین، له
بۆچوونی پزیشکه‌کان بێ‌ئاگا و بێخه‌به‌رین؟ چونکه به‌وشێوه‌یه
به‌دڵنیایی ته‌واوه‌وه بۆچوونی خۆیان ده‌رده‌بڕن. نه‌خێر! من
بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و زانیارییانه به درۆیه‌کی گه‌وره و
ده‌ستکارییکراوی قسه‌ی دکتۆره‌کانمی داده‌نێم.
پرسیار/
ئایا به‌ڕێزتان سوپاسی نیرووی نیزامییتان کردووه و بۆخۆتان
گوتوتانه شکایه‌تم له هیچ که‌س و گرووپێک نییه؟
وه‌ڵام/
نه‌خێر، ئه‌وه‌ش هه‌ر ته‌واو درۆیه. من سوپاسم ته‌نیا له هێزی
ناوچه‌یی و ئه‌هلی سوننه‌ت کردووه که بۆ سه‌ردانم هاتبوون
بۆلام. رسته‌یه‌کی که بۆ ئاغایان نووسیبووم ئه‌مه بوو ((من
سه‌باره‌ت به ده‌ستگیرکردن و ئازادکردنم ته‌نیا و ته‌نیا له
دادگای ئاشکرادا قسه ده‌که‌م و به‌بێ ئاماده‌بوونی
راگه‌یاندنه‌کانی بیانیی وه‌ڵامی هیچ ناده‌مه‌وه)). من نازانم
له کوێ و به ئاماده‌بوونی کێ وتوومه که من شکایه‌تم له که‌س
نییه؟! درۆ به‌و گه‌وره‌یی و روونییه!. ئاغایان پێیان وابوو
چونکه ئێمه ده‌زگایه‌کی راگه‌یاندنمان بۆ له‌قاودانی ئه‌و
پڕوپاگه‌نده و درۆ و بوختانانه‌ی ئه‌وان نییه، ئیتر وا ده‌زانن
خه‌ڵک له بیستنی راستییه‌کان بێبه‌ش ده‌بن. به‌ڵام سوپاس بۆ
خودا که خه‌ڵکی راستویستی ئێمه زۆر به چاکیی راستگۆ و درۆزن،
بڕوادار و دووڕوو له یه‌کتر هه‌ڵداوێرن.
پرسیار/
واته جه‌نابت به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و کاره دزێوه ده‌ناسیی. به‌ڕاستیی شکایه‌تت له کێ هه‌یه؟
وه‌ڵام/ ئه‌من
پێش وه‌خۆکه‌وتنی هێزه‌کانی ئیتلاعاتیی بۆ گه‌یاندنی هه‌واڵ
له‌ڕێیه ڕاستگۆیه‌کانیان به‌خه‌ڵك، وه هه‌روه‌ها شێوه‌ی هه‌ڵسوکه‌وت و
پرسیاریان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌م بۆ خاتری له‌به‌رچاوگرتنی
له‌خواترسیی و دووریی له گومانی خراپ و زووبڕیاردان، غیره‌تی
تاوانبارکردنی هێزه‌کانی فه‌رمیی ده‌وڵه‌تم نه‌بوو. به‌ڵام کاتێک
که هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌وانم له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ڵده‌سه‌نگاند، وه
هه‌موو هه‌وڵه‌کانیان بۆ خراپکردنی که‌سایه‌تیی من و هێنانه‌گۆڕی
رووداوی پێشتر و وه شێوه‌ی هه‌ڵسوکه‌وتم له‌گه‌ڵ خه‌ڵک بۆ
بینینه‌وه‌ی لایه‌نی لاوازی، وه هه‌وڵدان بۆ گوناهبارکردنی من
له‌و رووداوه‌دا وه هتد... به ته‌واویی دڵنیا بوومه‌وه که
هێزه‌کانی ده‌وڵه‌تیی ئه‌نجامده‌ری ئه‌و جینایه‌ته بوون. وه
به‌فه‌رمیی له کۆمه‌ڵگه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و رێکخراوانی مافی
مرۆڤ شکایه‌تیان لێ ده‌که‌م. هه‌رچه‌ند ئه‌وان بۆ دروستکردنی
شانۆیه‌کی دروستکراو هه‌وڵ ده‌ده‌ن تا رووداوه‌که به
شێوه‌یه‌کی تر لێبکه‌ن، به‌ڵام له کۆتاییدا سه‌ربڵندیی و رێز بۆ
ئێمه‌یه و زه‌لیلبوون و ئابڕووچوونیش به‌شی دوژمنه‌کانمانه.
پرسیار/
رێگه ده‌ده‌ن له هه‌ندێک له‌و شایعاتانه‌ی له‌ناو خه‌ڵکدا
بڵاوبوونه‌ته‌وه ئاگادارت بکه‌مه‌وه و ئێوه‌ش له‌و بارانه‌وه
روونکردنه‌وه‌ما پێ بده‌ن؟
وه‌ڵام/ کێشه
نییه، مه‌گه‌ر ئێمه له‌م گۆڕه‌پانه‌دا یه‌که‌مین که‌سین که
موتته‌هه‌م ده‌کرێین و شایعاتمان ده‌رباره بڵاوده‌که‌نه‌وه!.
مێژووی ئیسلام و گه‌وره‌پیاوان بخوێننه‌وه که ده‌رباره‌ی
ئه‌وان چی‌یان وتووه. هه‌رچی ده‌یانهه‌وێ با بیڵێن، حیسابیان
له‌لای خودایه.
هه‌ندێک
که‌س ده‌ڵێن که ئه‌و کاره به‌هاوکاریی حکوومه‌ت خۆی کراوه تا
تۆ بێیه مه‌یدان و چالاکانی دیکه‌ی ئایینیی بخه‌نه‌لاوه. تا
له داهاتوودا بتوانن له رێگه‌ی تۆوه به‌ئاسانیی کۆنترۆڵی
بارودۆخه‌که بکه‌ن! له‌و باره‌وه چ روونکرنه‌وه‌یه‌کت هه‌یه؟
وه‌ڵام/
سوبحانه‌ڵڵا! ئه‌وه بوختانێکی گه‌وره‌یه. پێش هه‌موو شتێک من
خۆم به خاکی ژێر پێی هه‌موو چالاکانی دینیی ناوچه ده‌زانم. هیچ
کاتێک خۆم به باشتر و سه‌رکه‌وتووتر له بچووکترین و خوارترینی
ئه‌وان نازانم. که‌سێک وا بیر بکاته‌وه که ده‌بێ تێکڕای
کۆمه‌ڵگه دوای ئه‌و بکه‌ون و ته‌نیا قسه‌ی ئه‌ویان قبووڵ بێ
ته‌واو شێته. ته‌نانه‌ت بۆنی قورئان سوننه‌تی نه‌کردووه. ئێمه
به‌دوای ئه‌وه‌وه‌ین که لاوه‌کانمان رێکوپێک بکه‌ین و به‌رزیان
بکه‌ینه‌وه به‌ره‌وڕووی به‌رنامه‌ی کردگارمان نه‌ک خۆمان
بنوێنین.
لوتفی خودای گه‌وره
به‌رامبه‌ر به منی داماو به شێوه‌یه‌ک بووه که هه‌ر له
سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی چالاکییه‌کانمدا ناوم به ده‌ره‌وه
بووه و ناوبانگم هه‌بووه، ئیتر پێویستییه‌کم به
خۆهه‌ڵهێنانه‌وه له رێگای حکوومه‌ته‌وه نییه. من له کاتێکدا
په‌یوه‌ندییه‌کی باشم، ته‌نانه‌ت له‌ئاستی په‌یوه‌ندیی چالاکانی
دینیی هه‌رێمه‌که، له‌گه‌ڵ حکوومه‌ت نییه چۆن ده‌توانم
به‌ڕێوه‌به‌ری پیلانی ئه‌وان بم. هیچ کاتێک بۆ خاتری که‌لوپه‌لی
بێبایه‌خی ماددیی له پاداشتی گه‌وره‌ی قیامه‌ت هه‌ڵم نه‌گرتووه
و هه‌ڵیشی ناگرم. هیچ کاتێک رازییبوونی ده‌سه‌ڵاتدارانم به‌سه‌ر
رازییبوونی خودای گه‌وره‌دا نه‌داوه و ناشیده‌م. ئه‌گه‌ر
هاوکارییم کردبانایه و دۆستایه‌تیی ئه‌وانم کردبایه زۆر زووتر
له ئێستا ده‌گه‌یشتمه ئه‌و ئاست و پلانه‌ی که ئه‌وان
ده‌یاندامێ و له‌به‌رچاوی خۆشم-٤٠-هه‌زار
جڵد کتێبیان ئاور تێبه‌رنه‌ده‌دام. وه شاهیدی ئه‌و هه‌موو زوڵم
و زۆره‌ی که له‌لایه‌ن ئاغاکانه‌وه لێمکراوه، نه‌ده‌بووم.
کام مرۆڤی ئاقڵ و کام
نۆکه‌ری ئه‌ڕبابه‌کانیان ئه‌و ئه‌شکه‌نجه قبووڵ ده‌که‌ن؟!
ئه‌گه‌ر دۆست و هاوکاری ئه‌وانم بۆچیی خستیانمه ئه‌و حاڵ و
رۆژه‌وه؟! مه‌گه‌ر ئێمه موسوڵمان نین؟! که‌وابوو من ئاماده‌م
نه‌فره‌ت له‌و تاقم و حیزبانه بکه‌م که ئه‌و تۆمه‌ته‌یان
داوه‌ته پاڵ من. هه‌روه‌ها له‌عنه‌ت و نه‌فرین له ئاغایان
ده‌که‌م ئه‌گه‌ر ئه‌و رووداوه بۆ خه‌ڵک روون نه‌که‌نه‌وه که
ئایا ئه‌و گفتوگۆ و ده‌ستگیرییه به هاوکاریی ئه‌وان بووه یان
من نۆکه‌ر و قسه‌که‌ری ئه‌وانم؟ هه‌زاران له‌عنه‌ت و نه‌فره‌تی
خوداوه‌ند له ره‌گ و ریشه‌یان بێ ئه‌گه‌ر رووی راستیی من و
هاوکاریی له‌گه‌ڵ ئه‌وان بۆ خه‌ڵک روون نه‌که‌نه‌وه.
قسه
هه‌ڵبه‌ستراوه‌کانی دیکه‌ی که له‌نێو خه‌ڵکدا بڵاوبوونه‌وه
ئه‌وه یه‌که به‌یه‌که عه‌رزتان ده‌که‌م تا بۆچوونی خۆتانی
له‌سه‌ر بڵێن.
١- گه‌نجیی، به‌هۆی کێشه‌ی
بنه‌ماڵه‌که‌ی و کێشه‌ی شه‌خسیی خۆی ماڵ و حاڵی به‌جێهێشتووه و
هه‌ڵاتووه.
٢- ژنی دیکه‌ی هێناوه و بۆ
به‌سه‌ربردنی مانگی هه‌نگوینیی چووه بۆ جه‌زیره‌ی قشم و کیش.
٣- بنه‌ماڵه‌ی خێزانه‌که‌ی،
به‌هۆی ژنهێنانی تازه‌یه‌وه، ئه‌ویان فڕاندووه و ده‌یانه‌وێ
ئازاری بده‌ن.
٤- به گرووپی دژی ئینقیلاب و
حیزبی سیاسیی له کوردستانی عێڕاق په‌یوه‌ندیی هه‌یه.
٥- بۆ خاتری ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی
که ناحه‌زانی شۆڕش، دوای وتاره‌که‌ی بۆ وه‌رگرتنی پاداشتی ئه‌و
وتاره، روویکردۆته وڵاتانی ئوروپایی بۆ په‌نابه‌ریی.
٦- دۆستان و هاوبیرانی ئه‌و،
بۆ ئه‌وه‌ی بیکه‌نه شۆڕشگێڕ و ناو ده‌ربکات،
شاردوویانه‌ته‌وه.
٧- هێندێک له پاڵێوراوان و
حیزبه سیاسییه‌کانی ناوخۆی وڵات بۆ خاتری شێواندنی که‌شوهه‌وای
هه‌ڵبژاردن، شاردوویانه‌ته‌وه.
وه‌ڵام/ بۆ
وه‌ڵامی ئه‌وانه هه‌مان بابه‌تی که له بڵاوکراوه‌ی
ژماره-٢-وتوومه به کافیی ده‌زانم.
ئازیزان!
میلله‌تی موسوڵمان و
به‌غیره‌تی کورد!
کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌زڵووم و
ره‌نجدیتووی ئه‌هلی سوننه‌تی ئێران!
موسوڵمانانی جیهان!
ئه‌ی مرۆڤه ئازاده‌کانی بۆ
راستیی تێده‌کۆشن!
سوێند به خودایه‌تیی
خودا، سوێند به زات و سیفه‌تی خودا، هیچ یه‌کێک له‌و
پڕوپاگه‌ندانه‌ی که ئه‌و ناحه‌ز و درۆزنانه هه‌ڵیانبه‌ستووه
راست نییه و، له‌وباره‌وه خوداوه‌ندی شاره‌زا و فریشته
بێگوناهه‌کانی چاوه‌دێر و به‌ڵێنده‌رن. وه له‌عنه‌ت و نه‌فره‌تی
په‌روه‌ردگار و پێغه‌مبه‌رانی خودا و فریشته‌کانی خودا و ته‌واوی
جن و ئینسان له من بێ ئه‌گه‌ر ئه‌و قسه‌هه‌ڵبه‌ستراوانه و ئه‌و
درۆ بڵاوکراوانه یه‌ک له سه‌دی راست بێت....(روونکردنه‌وه‌ی
زیاتر له بڵاوکراوه‌که‌دا بخوێنه‌وه ).
پرسیار/
ئایا وه‌سیه‌تنامه‌که‌ی به‌نێوی جه‌نابته‌وه بڵاوببۆوه، ئێوه
خۆتان نووسیبووتان؟ له به‌ندیخانه‌دا چۆن ده‌رفه‌تی ئه‌و هه‌موو
بابه‌ته‌ت هه‌بوو؟ چۆن بۆ ده‌ره‌وه ده‌گوێزرانه‌وه؟
وه‌ڵام/
ئه‌وانه له زینداندا نه‌نووسراون. ئه‌و بابه‌ته له مانگی
پیرۆزی ره‌مه‌زان، دوای رزگاربوون و ره‌هابوونم له رفاندنی
یه‌که‌مجارم له‌لایه‌ن گرووهه‌کانی حوجه‌تی، له ماڵی خۆم
نووسراون و له هه‌مان کاتیش‌دا زیاترم لێ چاپکرد و له نێوان
هاوڕێیان و ناسیاوانمدا دابه‌شکرا، به‌ڵام نه به‌وشێوه و
ته‌رتیبه‌ی له‌سه‌ر سایته‌کان هه‌یه. نزیکه‌ی له سه‌دا-٢٠-ی
ده‌ستکاریی کراوه، که بۆ زانیاریی ئه‌و که‌سانه‌ی که پێیان
خۆشه بزانن له کام شوێندا ده‌ستکاریی کراوه، نوسخه‌ی ئه‌سڵیی
له‌گه‌ڵ هێندێک زیاده‌ی تر ئاماده‌ی بڵاوکردنه‌وه ده‌بێت که
به‌ئومێدی خودا به‌وزووانه ده‌که‌وێته به‌رده‌ستی ئازیزان.
ئه‌و که‌سانه‌ی منیان فڕاندووه له نوسخه ئه‌سڵییه‌که‌ی
که‌ڵکیان وه‌رگرتووه که من ئه‌وه‌م له به‌ندیخانه‌دا نووسیبێ
و ناردبێتمه ده‌رێ، هه‌تا به‌و شێوه‌یه کارێکی وا بکه‌ن
ئه‌وه‌ی که من گیرام وه‌ڕاست نه‌گه‌ڕێ و مێشکی خه‌ڵکیی
تێکبده‌ن. به‌ڵام هه‌ر ئاقڵێک ده‌زانێ که دوای وتاری ((دین و
میلله‌ت)) له‌لایه‌ن دوژمنانی میلله‌تی موسوڵمانی کورد، که
توانای گوێڕاگرتن له ئێمه و وه‌رگرتنی ره‌خنه و راستییان له‌و
میلله‌ته نییه، گیراوم و ئه‌شکه‌نجه دراوم.
پرسیار/
ئایا ئه‌و وێنانه‌ی به‌ناوی جه‌نابته‌وه له‌سه‌ر ئینتێرنێت
بڵاوبوونه‌وه، گوایه له نه‌خۆشخانه و له‌لایه‌ن
په‌رستارێکه‌وه گیراون، ته‌ئید ده‌که‌ی؟
وه‌ڵام/ نه‌خێر!
به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌وه‌نده‌ی به‌بیرم بێت و له‌بیرمدا بێت منیان
له ژووره‌که‌ی خۆم نه‌بردۆته ده‌رێ. ئه‌و بابه‌ته‌ی له‌لایه‌ن
په‌رستاره‌که‌وه نووسراوه ته‌ئید ناکه‌م. من وای بۆ ده‌چم که
ئه‌وانه‌ش درێژه‌ده‌ری هه‌مان سیناریۆ شه‌یتانییه‌که‌یانه بۆ
ناوزڕاندنی من و... هه‌تا به‌و شێوه‌ش سه‌رله‌نوێ له ئاستی
راستیی و دروستیی رووداوه‌که که‌مبکه‌نه‌وه.
له‌و ژووره‌دا
به‌رده‌وام وێنه و فیلمیان لێ ده‌گرتم، به‌ڵام من له‌وێ زۆر
ناڕه‌حه‌ت بووم له‌کاتێکدا ئه‌و وێنانه سه‌لامه‌تیی و سه‌رحاڵیی
من ده‌رده‌خه‌ن. راستییه‌که‌ی له‌وه‌ی که ئه‌وانه وێنه‌ی من بن
به‌گومانم و به شتێکی دروستکراو و ده‌ستکارییکراویان داده‌نێم.
تۆ به‌راوردێک بکه له‌نێوان شتێک که جێی باوه‌ڕه وه شتێک که
جێی گومانه. وێنه(فیلم)ی رۆژی هه‌ینیی من که له مزگه‌وتی
(النبی) و له‌لایه‌ن براده‌ره‌کانمه‌وه گیراون به ته‌واویی
باوه‌ڕم هه‌یه که ئه‌و وێنانه له‌خۆم گیراون و به‌بێ
ده‌ستکارییکردن بڵاوبوونه‌وه. ئه‌و وێنانه‌ی که گوایه وێنه‌ی
منن، هه‌ر هه‌مان شه‌و بۆ سایته‌کان نێردران. ئه‌وان ئه‌و
وێنانه‌یان گرتوون و بڵاویان کردنه‌وه!. باشه ئایا ئیمکانی
هه‌یه ئه‌و دوو شێوه شکڵ و قیافه‌یه ئی یه‌ک که‌س بن به
جیاوازیی نێوان چه‌ند کاتژمێرێک؟. من دڵنیام ئه‌و وێنانه یان ئی
که‌سێکی هاوشێوه و قیافه‌ی منن یان ئه‌وه‌تا سوودیان له چه‌ند
وێنه‌یه‌کی خۆم وه‌رگرتووه له‌کاتی سه‌رحاڵیی و له‌شساغیمدا،
وه له رێگه‌ی فۆتۆشۆپه‌وه ئه‌و وێنانه‌یان ده‌ستکاریی کردوون
و گۆڕیویانن.
پرسیار/
پێش فڕاندنتان فه‌رمووت که کاربه‌ده‌ستانی ئاساییش به‌دوای
جه‌نابتدا ده‌گه‌ڕان. ئایا دوای باشبوونه‌وه و ئه‌وه‌ی که
زه‌ینتان باش بووه، له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ئیتلاعاتدا دانیشتنتان
هه‌بووه؟ وه ئایا بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و رووداوه هاتوون بۆ
لای به‌ڕێزتان؟
وه‌ڵام/ نه‌خێر!
ئه‌وه‌ش یه‌کێک له‌و شتانه‌یه که جێی گومانه! که ئه‌وانه
به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌هاتوون بۆ لای من. وه له‌جیاتی دانیشتن و
پرس و ڕا به‌یه‌کترکردن، بۆ بینینه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و
کاره، سه‌رقاڵن به دروستکردن و بڵاوکردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده و
له زۆر رێگه‌ی جیاوازه‌وه گوشارم ده‌خه‌نه سه‌ر که مزگه‌وت
به‌جێبێڵم. ئایا ئه‌و کارانه جێی گومان نین؟! گوشارخستنه‌سه‌ر
خه‌ڵکانی ده‌وروبه‌رم، مه‌حکه‌مه‌کردن و هه‌ڵسوکه‌وتی توندوتیژ
به‌رامبه‌ر به پارێزه‌رانم و خه‌ڵکانی دوعاگۆم، گوشارخستنه‌سه‌ر
کۆڕی باوه‌ڕپێکراوانی مزگه‌وت بۆ ده‌رکردنی من له مزگه‌وت،
رێگه نه‌دانم بۆ سه‌ر مینبه‌ر، رێگه‌نه‌دانم بۆ چوونه ناو
مزگه‌وتی قوبا له رۆژی هه‌ینییدا و هتد...
پرسیار/
ئایا رۆیشتنی به‌ڕێزتان له مزگه‌وتی قوبا راسته؟ ده‌ست له
وانه‌کانتان هه‌ڵده‌گرن؟
وه‌ڵام/ نه‌خێڕ!
تا ئه‌وکاته‌ی خه‌ڵک له من رازیی بن، به ده‌ستوور و فشاری هیچ
ئۆرگان و سازمان وه ته‌نانه‌ت کۆڕی باوه‌ڕپێکراوانی مزگه‌وت به
ئاره‌زوو و دڵخوازی خۆم مزگه‌وت ته‌رک ناکه‌م. ده‌رباره‌ی
وانه‌کان، ئێستا دوو وانه‌مان هه‌یه یه‌کێکیان به‌یانیانی رۆژی
یه‌کشه‌ممه‌یه بۆ خوشکان و ئێواره‌ی یه‌کشه‌ممه بۆ برایان و
خوشکان. ئه‌و پۆله به ئیزنی په‌روه‌ردگار تا ئه‌وکاته‌ی وزه و
توانام هه‌بێت درێژه‌یان پێ ده‌درێ. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌و
مزگه‌وته‌ش ده‌ست نه‌دا ئه‌وا له مزگه‌وتی دیکه درێژه‌یان پێ
ده‌درێ. ده‌رباره‌ی وتارخوێندن له مزگه‌وتی قوبا، حاڵی حازر
له‌سه‌ر پێشنیاری کۆڕی باوه‌ڕپێکراوانی مزگه‌وت بێده‌نگ بووم
ئه‌گه‌رنا تا ئه‌وکاته‌ی به فه‌رمیی و له رێگه‌ی یاساییه‌وه
ئاگادارم نه‌که‌نه‌وه و حوکمم نه‌ده‌ن چوونه نوێژی هه‌ینیی
ته‌رک ناکه‌م.
پرسیار/
رای ئێوه ده‌رباره‌ی جووڵانه‌وه دینیی و چالاکه‌کانی ناوچه
چییه؟
وه‌ڵام/
هه‌رچه‌نده له‌و باره‌وه پێشتر رای خۆم ده‌ربڕیوه وه له
بابه‌تی وه‌حده‌تیش ئاماژه‌م پێ کردووه به‌ڵام کورتییه‌که‌ی
ئه‌وه‌یه که من هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌ک ته‌واو به راست و دروست
دانانێم. وه هه‌روه‌ها هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌کیش به ته‌واوی
ته‌واو به ناڕاست و لاڕێ دانانێم. به دڵنیاییه‌وه که هه‌رکام
له‌وانه هه‌ندێک که‌موکورتییان تێدایه، وه به‌پێی پێوه‌ری
نزیکی ئه‌وان له په‌ڕتووکی خودا و سوننه‌تی ناردراوی ئه‌و له
خه‌تا و هه‌ڵه‌کانیان که‌م ده‌بێته‌وه. به‌ڵام پێوه‌ری ئێمه
یه‌کتاپه‌رستییه. هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌ک بنچینه‌که‌ی له‌سه‌ر
یه‌کتاپه‌رستیی و بانگه‌شه بۆ به‌ره‌و ئه‌و بنچینه گرینگه بێ
لای ئێمه وه‌رده‌گیرێ و خۆشه‌ویست ده‌بێ. وه هه‌ر مرۆڤێک که
بڵێ هیچ خودایه‌ک نییه بێجگه له (الله) نه‌بێ وه (محمد)
ناردراوی (الله)یه لای ئێمه به‌ڕێزه. ئه‌من بۆخۆم بانگه‌شه
بۆ یه‌کگرتوویی له نێوان حیزبه‌کان و تاقمه جیاوازه‌کان
ده‌که‌م، وه له‌و رێگه‌یه‌دا ئاماده‌ی هه‌موو هه‌وڵ و
هاوکارییکردنێکم. وه هه‌موو چالاکانی ئایینیی ناوچه‌که
بانگهێشتن ده‌که‌ن بۆ یه‌کتر قبووڵ کردن و پاسه‌وانیی و
پشتیوانیی له یه‌کتر، وه له ئیهانه‌ت و بێڕێزییکردن به
بیروڕای دیکه خۆده‌بوێرم. ئه‌وه‌ش رێوشوێنی گه‌وره‌کان و
سه‌له‌فی ساڵحی ئێمه‌یه که له‌گه‌ڵ بوونی جیاوازیی سه‌لیقه و
لێکدانه‌وه، هه‌ر له گه‌ڵ یه‌کتربوون و یه‌کتریان به بێباوه‌ڕ
و فاسق دانه‌ناوه. که‌وابوو ده‌بێ هه‌موومان له‌سه‌ر شاڕێی
قورئان و سوننه‌ت کۆبینه‌وه و خۆی لێ نزیک بکه‌ینه‌وه.
پرسیار/
بۆچوونی ئێوه سه‌باره‌ت به حیزبه میللییه‌کان چییه؟ ئایا
پشتیوانی‌یان لێ ده‌که‌ن؟
وه‌ڵام/ ئێمه
له‌به‌رئه‌وه‌ی که نه‌ته‌وه‌ی پێغه‌مبه‌رێکین که بۆ هه‌موو
جیهانییان وه بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیی ره‌حمه‌ت بووه وه
بانگه‌شه‌ی یاسایه‌کی ئه‌وتۆی کردووه له کۆمه‌ڵگه‌دا که
تێکڕای یاران و نه‌یارانی بتوانن له ژیانێکی پڕ له خۆشیی و
ئاساییشدا بژین و رێز له هه‌موو که‌سێک بگیرێ، ئه‌منیش هه‌ر
به‌و شێوه دید و تێڕوانینم هه‌یه. ئێمه دژی به‌کارهێنانی
توندوتیژیی و هه‌ڵسوکه‌وتی ناڕێکین. بنچینه له‌سه‌ر ئاشتیی و
هێمنیی و پێوه‌ندیی به‌ره‌و باش بردن داده‌مه‌زرێ. بناغه‌ی کاری
ئێمه بانگهێشتنه بۆ لای کاری چاکه و خۆشبه‌ختیی دنیا و
قیامه‌ته. کاری ئێمه پێوه‌ندییکردن و پێوه‌ندییدانی
مرۆڤه‌کانه له‌گه‌ڵ په‌روه‌ردگاری جیهانییان. هه‌ر له‌به‌ر
ئه‌وه‌شه هه‌وڵ ده‌ده‌ین که ته‌نانه‌ت نه‌سرانییه‌کان،
جووله‌که‌کان، وه هه‌روه‌ها بێبڕواکانیش روو له‌و قوتابخانه
مرۆڤ دروستکه‌ره بکه‌ن.
ده‌رباره‌ی حیزبه
نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کوردستان بناغه‌ی تێڕوانینی من له‌سه‌ر ئه‌وه
ئاوایه که ئه‌وان برایانی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه‌ن و له دایک
بابانێکی موسوڵمانین. ئه‌وان کوڕانی ئه‌و ئاو و گڵه‌ن، وه
رێبه‌رانی حیزبه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له زه‌مانی خۆیدا هه‌موویان
له رێبه‌رانی دین و زانا یه‌کتاپه‌رسته‌کان و ئازادییخوازه‌کان
بوون که له‌گه‌ڵ زوڵم و زاڵماندا هه‌ڵیان نه‌کردووه. ئاماده‌یی
خه‌ڵکانی ناو ئه‌و حیزبه نه‌ته‌وه‌ییانه بۆ پارێزگاریی له
وڵاتیان جێی پێزانینه به‌ڵام ئه‌وان ده‌بێ باس بزانن که هه‌ر
یاسا و به‌رنامه‌یه‌ک جگه له به‌رنامه‌ی ئیسلام نه‌زانییه،
وه ئێمه له‌وانمان ده‌وێ هه‌موو جموجۆڵه‌کانی خۆیان بۆ
خۆشبه‌ختکردنی میلله‌تی کورد له چوارچێوه‌ی ئیسلامدا
به‌کاربهێنن بۆ ئه‌وه‌ی به‌و شێوه‌یه بێجگه له ده‌ستپڕیی و
سه‌ربڵندیی له دونیادا بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیان به دیاریی
بهێنن به‌ڵکوو ببنه هۆی سه‌ربڵندیی ئه‌وان له رۆژی په‌سڵان
(قیامه‌ت)دا و به‌هه‌شتی نه‌بڕاوه‌یان به‌نسیب بێ. سه‌رله‌نوێ
سه‌رنجیان راده‌کێشین بۆ ئه‌وه‌ی که فریوی ئه‌وانه نه‌خۆن که
ته‌نیا قازانجی خۆیان له‌به‌رچاوه و له هه‌ر ئامڕازێک بۆ
جیاکردنه‌وه‌ی دین له ده‌وڵه‌ت که‌ڵک وه‌رده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی
خۆیان به نان و ئاوێک بگه‌ن. وه منیش هه‌ر لێره‌وه بۆ
حیزبه‌کان و نه‌ته‌وه‌ی موسوڵمانی کوردم سوێند ده‌خۆم که خه‌ڵکی
روو له‌دین و ئه‌وانه‌ی که به‌ڕاستیی خه‌ڵک به‌ره‌و دین بانگ
ده‌که‌ن زیاتر له هه‌ر که‌سێکی دیکه دڵسۆز و چاکه‌خوازی
ئه‌وانن. ئێمه دڵسۆز و چاکه‌خوازین بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تیی وه
خۆمان به خۆڵی ژێرپێی هه‌مووان ده‌زانین، وه هیوادارین که
به‌و برایه‌تییه له راسته‌قینه‌ی قورئان
بگه‌ین وه به پاراستنی بیروڕای جیاواز له لای یه‌کتر بین.
من زۆر سوپاسی
پشتیوانیی و پشگیریی برا و خوشکه کورده‌کانم له هه‌موو گۆشه و
که‌ناره‌کانی دونیا ده‌که‌م. پشتیوانیی من له ئازادییه و
هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌وه. من له که‌سایه‌تییه‌کی
تایبه‌ت پشتیوانیم نه‌کردووه به‌ڵکوو براده‌ران و خوشکانی هۆگر
به ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانم هانداوه به‌ره‌و
رێبه‌رانی نه‌ته‌وایه‌تیی کوردستان که هه‌موویان روو له‌وان
بکه‌ن، که دیاره هه‌موو ئه‌و رێبه‌رانه له که‌سانێکی
یه‌کتاپه‌رست و به‌ئیمان بوون. وه ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌م بانگ
کردۆته‌وه به‌ره‌و گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌سڵ و
ریشه. وه ئه‌وه‌م به ئه‌رکێک ده‌زانیی که ئه‌و درز و
دووبه‌ره‌کییه‌ی که دوژمن له‌نێوان دین و نه‌ته‌وایه‌تیی و وه
له‌نێوان دینداره‌کان و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان پێکیهێناوه له‌به‌ین
به‌رم و ئه‌و دوو چینه (لایه‌نه) پێکه‌وه ئاشت بکه‌مه‌وه.
پرسیار/
رای ئێوه ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان چییه؟
وه‌ڵام/ ئه‌گه‌ر
کاری ئه‌و که‌سانه ده‌ستتێوه‌ردان له یاسای خودای گه‌وره و
زیادکردن و که‌مکردن، وه یان گۆڕینی یاسای خودای گه‌وره بن
ئه‌وه به‌دڵنیاییه‌وه کوفره و شه‌ریکدانانه بۆ خودای
گه‌وره. وه هیچ مرۆڤێک مافی ده‌ستتێوه‌ردانی له یاسای خودایی
و گۆڕینی ئه‌وی نییه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر کاری ئه‌و نوێنه‌رانه
به‌دواداچوونی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی و هتد... شار و
دێ بێ نه یاساداڕشتن به دژی شه‌ریعه‌تی ئیسلام ئه‌وا گرفتێک
نییه. ئه‌وه کارێکه که ده‌بێ ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن بۆچوونن و
زانایانی ئیسلامیی ده‌بێ ده‌رباره‌ی ئه‌وه کۆببنه‌وه و باسی
لێوه بکرێ. به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ی ئه‌من تێیده‌گه‌م له
کۆمه‌ڵگه‌دا حیزب و گرووپی جیاوازی دینیی له‌و باره‌یه‌وه
ده‌بنه دوو به‌ش: برایانی سه‌له‌فییمان هه‌ن که ئه‌وان
هه‌ڵبژاردن به ته‌واویی به حه‌رام داده‌نێن. وه باقیی تری
حیزبه‌کان به‌شداریی له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به‌بێ گرفت ده‌بینن و
له روانگه‌ی شه‌رعه‌وه گرفتێکی تێدا نابینن.
پرسیار/
ئایا ئێوه به‌شدارییتان کرد له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا؟
وه‌ڵام/ نه‌خێر.
ئه‌من ئه‌سڵه‌ن له سندووقه‌کانیش نزیک نه‌بوومه‌وه.
پرسیار/
به‌ڵام جه‌نابتان گوتبووتان که ئه‌گه‌ر بێت و دکتۆر
جه‌لالیزاده و دکتۆر تۆفیقی ته‌ئیدیش نه‌کرێن هه‌ر ده‌نگ
ده‌ده‌ی به‌وان؟!
وه‌ڵام/ ئه‌و
بڕیاره‌م له‌کاتێکدا بوو که ئاغاکان ئه‌و جینایه‌ته‌یان
به‌رامبه‌رم نه‌کردبوو، به‌ڵام ئێستا له‌و بڕیاره‌ی خۆم
هه‌ڵگه‌ڕاومه‌وه، وه له‌به‌ر سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و هه‌ڵه‌یه
له‌لایه‌ن منه‌وه داوای لێبوردن له نه‌ته‌وه‌ی موسوڵمان و
تێگه‌یشتووی کورد ده‌که‌م.
golala_abbasi@hotmail.com
تێبینیی: ئه‌م وتووێژه له
مانگی ره‌شه‌مه‌ی-١٣٨٦-(مانگی
مارسی-٢٠٠٨)دا
سازدراوه
|