له‌ هه‌واڵێکی "بۆ رۆژهه‌ڵات"دا راگه‌یه‌ندراوێکی "بێستان.نێت" ده‌شێوێندرێ

 

  له‌ هه‌واڵێکی ماڵپه‌ڕی "بۆ رۆژهه‌ڵات" که‌ رۆژی دووشه‌ممه‌-10/9/2007-بڵاوکراوه‌ته‌وه،‌ راگه‌یه‌ندراوێکی "بێستان.نێت" له‌لایه‌ن ماڵپه‌ڕی ناوبراوه‌وه‌ ده‌شێوێندرێ و راستییه‌کان به‌راوه‌ژوو پیشانی خوێنه‌ران ده‌درێ. هه‌ر له‌م باره‌وه‌ "بێستان.نێت" به‌ پێویستی زانی ، تا خوێنه‌ران له‌ ڕاستی مه‌سه‌له‌کان ئاگادار بن و ناڕاستییه‌کان راستکاته‌وه‌، چه‌ند خاڵێک ڕوون ده‌کاته‌وه‌.

 

1. "بۆ رۆژهه‌ڵات" سه‌ره‌تای شێواندنی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ی "بێستان" به‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات که‌ سایتی "بێستان" به‌ سایتی "نیوه‌فه‌رمیی" رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕ ده‌ناسێنێ! له‌ کاتێکدا هیچ کاتێک و له‌ هیچ شوێنێکدا "بێستان.نێت" خۆی وه‌ک سایتی فه‌رمیی یا نیوه‌فه‌رمیی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕ نه‌ناساندووه‌ و هه‌موو لایه‌کیش ئاگادارن که ناونیشانی‌ سایتی فه‌رمیی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕ چییه‌. له‌ماوه‌ی ته‌مه‌نی که‌متر له‌ ساڵێکی  "بێستان" بۆ تاکه‌ جارێکیش نه‌بووه رێگربین له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ت و شیعر و په‌خشانی نووسه‌ران و بابه‌ته‌کانی که‌ تا ئێستاش له‌ "بێستان"دا بڵاوکراونه‌وه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌سه‌لمێنن که‌ "بێستان" ماڵپه‌ڕێکی ئازاد و سه‌ربه‌خۆیه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی.‌ " زۆریش ئاساییه‌ هه‌ر وه‌ک چۆن هه‌ڵسووڕێنه‌رانی سایتی "بۆ رۆژهه‌ڵات" له‌ دۆستان و لایه‌نگرانی حیزبێکی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانن، کارمه‌ندانی "بێستان"یش له‌ لایه‌نگرانی حیزبێکی سیاسیی کوردستانن، ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌ نییه‌ که‌ هه‌رکام له‌م دوو سایته‌ سایتی فه‌رمیی یا نیوه‌فه‌رمیی ئه‌م دوو حیزبه‌ن.

 

2. "بۆ رۆژهه‌ڵات" ده‌نووسێ: (وێرای‌ دیفاع له‌ وتاری‌ كوڕی‌ سكرتێری‌ پێشووی‌ رێكخراوه‌كه‌یان.....). ئێمه‌ داوا له‌ کارمه‌ندانی به‌ڕێزی "بۆ رۆژهه‌ڵات" ده‌که‌ین که جارێکیتر‌ و وردتر راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ی "بێستان" بخوێننه‌وه لێی بڕوانن‌ تا بزانن که‌ به‌ یه‌ک وشه‌ش دیفاع نه‌ له‌ شه‌خسی "فاروق عه‌بباسی" و نه‌ له‌ بابه‌ته‌کانی نه‌کراوه‌، ئه‌مه‌ش شتێکی هه‌ڵبه‌ستراوه‌ و بێگومان شێواندنی راستییه‌کانه‌.

 

3. له‌ درێژه‌ی هه‌واڵه‌که‌دا سه‌رنووسه‌ری "بۆ رۆژهه‌ڵات" ده‌ڵێ: " بلاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بۆچوونانه‌ به‌ مانای‌ ته‌ئیدیان نیه‌‌و ته‌نیا ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌لكانێك قسه‌ له‌ په‌راوێزی‌ بابه‌ته‌كان دا بكه‌ن...."

  "بۆ رۆژهه‌ڵات" ره‌خنه‌ له‌ "بێستان" ده‌گرێ که‌ داوای سڕینه‌وه‌ی به‌ناوبۆچوونه‌کان ده‌کا!. کام مرۆڤی خاوه‌ن شه‌ره‌ف و رێز داوا ناکا ڕێ له‌ نووسراوه‌ی پڕ له سووکایه‌تیی پێکردن و ناوزڕاندن ئیهانه‌کردن بگیرێ؟ ئه‌وه‌ی "بێستان" له‌ "بۆ رۆژهه‌ڵات"ی داواکردووه‌ سڕینه‌وه‌ و لابردنی ئه‌و به‌ناوبۆچوونانه‌ن که‌ سه‌رتاپا سووکایه‌تیی پێکردن و تۆمه‌تن‌ که‌ دراونه‌ پاڵ کۆمه‌ڵێک له پێشمه‌رگه‌ و لایه‌نگرانی حیزبێکی کوردستانیی، کۆمه‌ڵێکی زۆر له‌ شه‌هیدانی کوردستان، بنه‌ماڵه‌ و که‌سوکاری گشت شه‌هیدانی خه‌بات‌ و..... وه‌ کاتێک "بێستان" له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌یدا ده‌نووسێ "به‌ ره‌زامه‌ندیی "بۆ رۆژهه‌ڵات" ئه‌م بۆچوونانه‌ بڵاوکراونه‌وه‌" له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ بووه‌ که‌ "بۆ رۆژهه‌ڵات" بێگومان ده‌یتوانی ڕێگر بێ له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و سووکایه‌تییپێکردنانه‌! به‌ڵام ئایا بۆچی و له‌به‌رچی ئه‌و کاره‌ی نه‌کرد؟؟؟!!! ئه‌گه‌ر به‌ڕێزانی "بۆ رۆژهه‌ڵات" ئه‌و بۆچوونانه‌ به‌ سووکایه‌تیی ده‌زانێ پێویست بوو رێگر بێ له‌ بڵاوکردنه‌وه‌یان و ئه‌گه‌ریش به‌ سووکایه‌تییان نازانێ و پێی وایه‌ بڵاوکردنه‌وه‌یان ئاساییه‌ ئه‌وا داوا له‌ خوێنه‌ران ده‌که‌ین که‌ یه‌ک به‌یه‌کی بۆچوونه‌کان بخوێننه‌وه‌ و هه‌ر بۆخۆشیان بڕیار بده‌ن بڵاوکردنه‌وه‌یان گونجاون یا نا.

 

4. "بۆ رۆژهه‌ڵات" راده‌گه‌یه‌نێ که‌ گوایه به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ "بێستان" هه‌ڕه‌شه‌یان لێکردوون و داوایان لێکردوون که‌ ئه‌گه‌ر بۆچوونه‌کان لانه‌برێن خۆیان له‌هه‌ر دژکرده‌وه‌یه‌ک به‌رپرسیارن!

  پێش هه‌موو شتێک ئه‌وه‌ به نووسه‌رانی‌ " بۆ رۆژهه‌ڵات" و خوێنه‌رانی به‌ڕێز و خه‌ڵکی کوردستان به‌گشتیی راده‌گه‌یه‌نین که‌ "بێستان.نێت" به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ توندوتیژییدا نییه‌ و هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و هێرشێکیش بۆ سه‌ر هه‌ر رۆژنامه‌نووسێک و ده‌زگایه‌کی راگه‌یاندن به‌ توندیی شه‌رمه‌زار ده‌که‌ین. ئه‌وه‌ش که‌ له‌ "بێستان" دا هاتووه‌ و "بۆ رۆژهه‌ڵات" به‌ هه‌ڵه‌ ته‌فسیری ده‌کا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک به‌مانای هه‌ڕه‌شه‌ نییه له‌ هیچ که‌س و لایه‌نێک و‌ به‌ڵکوو به‌ مانای ئه‌وه‌ی هه‌ر گرژیی و ته‌نگژه‌یه‌ک به‌هۆی ئه‌و بۆچوونانه‌وه‌ بێته‌ ئاراوه‌ "بۆ رۆژهه‌ڵات" لێی به‌رپرسیاره‌، چونکه‌ که‌مته‌رخه‌میی و رێگه‌دان به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونانه، له‌ رێگای "بۆ رۆژهه‌ڵات"ه‌وه‌،‌ بوون که‌ بوونه‌ هۆی ئه‌و ئاڵۆزییه‌ی ئێستا له‌ ئارادایه‌ له‌کاتێکدا ده‌یتوانی ڕێگر بێ.

 

5. وته‌بێژی‌ ناوه‌ندی‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ ئازاد ـ رۆژهه‌لاتی‌ كوردستان ده‌لێ: "....به‌لام ئه‌م بانگه‌وازه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌و که‌سانه‌وه نووسراوه‌ كه‌ كاتی‌ خۆی‌ بانگه‌وازێكی‌ ئه‌تۆیان رووبه‌رووی‌ مامۆستا شیخ جه‌لاله‌دین حوسینی‌ له‌ سایتی‌ (دیمانه‌) كرده‌وه‌ كه‌ به‌ریزیان له‌ به‌ر حۆرمه‌تی‌ خۆی‌ مه‌جبوور بوو داوای‌ لێبۆردن بكا".

  لێره‌دا "بۆ رۆژهه‌ڵات" به‌ ئاشکرا ڕاستییه‌کان ده‌شێوێنێ و "بێستان" به‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر که‌سایه‌تیی ئاینیی دیاری کورد به‌ڕێز مامۆستا شێخ جه‌لالی حوسه‌ینی تۆمه‌تبار ده‌کا له‌ کاتێکدا هیچ بنه‌مایه‌کی ڕاستیی نییه‌. ڕێزدارانی "بۆ رۆژهه‌ڵات"یش ئاگادارن که‌ کاتێ ئه‌و راگه‌یاندنه‌ی به‌ناوی چه‌ند که‌سێکی نه‌ناسراوه‌وه دژ به‌ لێدوانه‌کانی مامۆستا شێخ جه‌لال بڵاوبۆوه‌، "بێستان"‌ زۆر دوای ‌هێندێک له‌ سایته‌ کوردییه‌کان بڵاوی کرده‌وه له‌کاتێکدا "بێستان" له‌گه‌ڵ ناوه‌رۆکی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا‌ش دژ بوو.

  به‌و هیوایه‌ی وته‌بێژی سایتی "بۆ رۆژهه‌ڵات" زیاتر ئاگاداری رووداوه‌کانی نێو میدیاکانی کوردیی بێ و به‌بێ هۆ تۆمه‌تی ناڕه‌وا نه‌داته‌ پاڵ هیچ لایه‌نێک.

 

  له‌ کۆتاییدا داوا له‌ سایتی به‌ڕێزی "بۆ رۆژهه‌ڵات" ده‌که‌ین، که‌ هه‌روه‌ک چۆن له‌ ماوه‌ی رابردوودا بڵیندگۆی سه‌ربه‌خۆی نووسه‌ران بوون، هه‌روا بمێننه‌وه و رێگا نه‌ده‌ن هه‌لپه‌رستان و ئاژاوه‌گێڕان له‌و ئازادییه‌ی له‌ سایته‌که‌تاندا هه‌یه‌ که‌ڵکی خراپ وه‌رگرن و به‌ نووسراوه‌ پڕ له‌ بوختان و جنێوه‌کانیان بازاڕی ئاژاوه‌گێڕییان گه‌رمکه‌ن.

  ئێمه‌ له‌ "بێستان.نێت" دووباره‌ داوا له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی "بۆ رۆژهه‌ڵات" ده‌که‌ین،‌ بۆ ئه‌وه‌ی مه‌رامی ئاژاوه‌گێڕان نه‌یه‌ته‌دی و دوژمنانی گه‌له‌که‌مان له‌‌ ئازادیی راگه‌یاندنمان که‌ڵکی خراپ وه‌رنه‌گرن، ئه‌و به‌ناوبۆچوونانه بسڕنه‌وه‌ و جارێکی تر رێگه‌ مه‌ده‌ن به‌ناوی ئازادیی راده‌ربڕینه‌وه‌ هه‌ستی مرۆڤه‌کان بریندار کرێن و سووکایه‌تیی به‌ خه‌ڵک بکرێ. ‌ ‌‌

 

 

 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی بێستان.نێت

10/9/2007

 

 

 

 

 

بێستان.نێت