|
ماده‌م حه‌ڵاڵه.. عه‌وافی بۆ عه‌لی قه‌ره‌داغی.!
نووسينی: دنیاديته

بابايه‌ک به‌ناوی سامان عه‌لی ـ يه‌وه،
بابه‌تێکی له‌ژێر سه‌ردێڕی ( زنجيره گه‌نده‌ڵییه‌کانی ڕابیته‌ی
ئیسلامی ـ گه‌نده‌ڵییه‌کانی عه‌لی قه‌ره‌داغی وه‌ک نموونه ) دا
نووسيوه و له سايتی کوردستانپۆستدا بڵاوی کردووه‌ته‌وه،
تیايدا باس له‌وه ده‌کا گوايه دکتۆر قه‌ره‌داغی له‌سه‌ر حسێبی
هه‌ژار و نه‌دارانی کوردستان، موڵک و ماڵێکی زۆری پێکه‌وه
ناوه، بۆ نموونه‌ش، باس له چه‌ند کۆشک و زه‌وی و زاران ده‌کات،
که بۆ خۆی کڕيونی و کردوونی به قات له‌سه‌ر قات.. نووسه‌ر،
ئه‌مانه هه‌مووی ده‌خاته نێو عاره‌بانه‌ی بازرگانی به ماڵی
موسڵمانانه‌وه، هاوکات ده‌شڵێ ده‌بوو ئه‌و پیاوه له ڕیزی
فه‌قیر و هه‌ژار و ساده‌ژیاوه‌کانی میلله‌ت بايه، وه‌ک بڵێیت
کوردستان هیچ پشکێکی نییه له‌و بودجه زله‌ی به‌غدايه، هه‌موو
که‌س چاوی له ده‌ست و خێراتی مامۆستايه.. به ته‌عبیرێکی
ديکه، داوای ئه‌وه ده‌کات، ئه‌وه‌ی له په‌نای گه‌نده‌ڵيدا
ده‌دزرێ، ده‌بردرێ و ده‌خورێت، مامۆستا له زه‌کات و
سه‌ده‌قاندا، فه‌رقه‌که‌ی بداته‌وه.
من ناخوازم داکۆکی له عه‌لی قه‌ره‌داغی بکه‌م،
چونکه نه پێويستی به پاکانه‌ی منه و نه حه‌وجه به جاڕدانی
ئه‌ستۆپاکییه.. بۆ ئه‌و پياوه ئه‌وه‌نده به‌سه، هاوکات
شانازيشه بۆ کورد، کاتێ يه‌کێکی غه‌يره کورد له وه‌سفی
که‌سايه‌تیی ئه‌ودا وتوويه‌تی: ئه‌گه‌ر پڕۆفيسۆر عه‌لی
قه‌ره‌داغی ئاماژه‌ی بۆ ڕه‌نگی ڕه‌ش کرد و وتی سپییه، پێی بڕوا
بکه‌ن.! به‌ڵام ئايا کورد قه‌دری گه‌وره‌زانا و
مه‌زنه‌ڕاستگۆکانی خۆی ده‌گرێت.؟
هێندێ جار، ئه‌قڵی ئه‌م کورده زۆر
عه‌نتیکه‌يه، به‌تايبه‌تی هی ـ گوايه ـ عه‌لمانییه
سه‌قه‌ته‌که‌ی، پێشوه‌خت مه‌رجه‌کانی خۆی به‌سه‌ر ئینسانه‌کاندا
دابه‌ش ده‌کات، وا ده‌زانێ ئه‌و خه‌ڵکه هه‌مووی مه‌ڕی خوايه،
بۆ نموونه پێت ده‌ڵێت : کاری مه‌لا، نێو مزگه‌وته و نابێ ده‌م
و لمووزی له سياسه‌ت وه‌ردا، له هه‌مبه‌ر ئه‌وه‌دا ئه‌وقاف
ژيانی بۆ دابین ده‌کات (چونکه دابه‌ستییه ! )، به‌ڵام وه‌ختێ
ده‌سه‌ڵات داوای هه‌ر شتێکی لێ کرد، ده‌بێ يه‌کسه‌ر بڵێت :
له‌ببه‌يک ـ ه ( چونکه گوێله‌مسته ! ).. نابێ خه‌ریکی
بازرگانی بێ ( چونکه سه‌ده‌قه و سه‌رفیتره‌خۆره ! ).. به‌س
ماوه بگوترێ نابێ ژن بهێنێ و ده‌بێ بخه‌سێنرێت ( چونکه خه‌ریکی
نوێژ و تاعه‌ته !).. جگه له‌وه‌ی، ئه‌و عه‌لمانییه گوناحه،
له‌هه‌موو بوار و به‌ستێنه‌کاندا، فاشيل و ساقيت و کلک قيته،
ئه‌وه‌ی ئینسانییه‌ت، بگره ئه‌وه‌ی حه‌يوانییه‌تيش نه‌فره‌تی لێ
ده‌کا، ده‌يکات. وێڕای ئه‌وه‌ی مێگه‌ڵه مه‌ڕێکیشی پێ به‌ڕێوه
ناچێت، نه‌ک کۆمه‌ڵێک مرۆڤ. ئه‌وجا نوکته‌ی سه‌ره‌کی ئا
لیره‌دايه، ئه‌گه‌ر کابرايه‌ک به‌گوێی بکا و ملوێنان دۆلار به
خه‌ڵکی به‌له‌نگاز ببه‌خشێت، ده‌ڵێ ئاها ئه‌مه بۆ ئه‌وه‌يه
کچان له‌چک له‌سه‌ر بکه‌ن و کوڕانیش نوێژان بکه‌ن.! باشه، وای
له قوونێ وای له دۆشاوێ.!
پياو کاتێ موڵکه‌کانی عه‌لی قه‌ره‌داغی که ئاغای
سامان ناو، نێوی بردوون و نازانم چه‌ندی ڕاسته و چه‌ندی
چه‌وته، ديقه‌تیان ده‌داتێ، جگه له‌وه‌ی هه‌قی خۆیه‌تی
ئه‌وه‌نده‌ی هه‌بێ، بگره هه‌زار هێنده‌ش، ماده‌م له‌ڕێگه‌ی
مه‌شڕووعه‌وه په‌یدای کردوون.. ئه‌رێ، ئه‌وسا بۆی ده‌رده‌که‌وێ
که ئه‌وه‌ی مامۆستا هه‌يه‌تی، هه‌ر که‌سێکی ساده‌ش له ئه‌وروپا
ـ هه‌تا له وڵاتی خۆشمان‌دا ـ ده‌توانێت به چه‌ند ساڵێک
پێکه‌وه‌ی بنێت، ئه‌گه‌ر به‌ئه‌قڵ کاری بۆ بکات. ڕه‌نگبێ زۆر
که‌سيش نه‌زانێت، به‌هۆی بلیمه‌تیی پرۆفيسۆر عه‌لی قه‌ره‌داغی ـ
يه‌وه له بواری ئابووريدا، بانق و کۆمپانیاکانی ناوچه و
ده‌ره‌وه، ته‌نانه‌ت شه‌ڕيانه له‌سه‌ر کڕينی سانییه‌کانی
ژيانی ئه‌و پیاوه ده‌گمه‌نه. له مه‌حفه‌له زانستیيه‌کانیش،
گه‌ڕێ.! ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه ژیا بیت، زۆر که‌س له‌و عه‌ره‌به
عیراقييانه ده‌ناسێت، که به‌ده‌ستێک کتێب ده‌نووسن و به‌وه‌ی
ديکه بازرگانی ده‌که‌ن، هه‌ر بۆ نموونه عه‌بدولمونعیم ئه‌لعیزی
( الراشد ) که گه‌وره‌ترين بیرياری عيراقی، عه‌ره‌بی و
ئیسلامییه، هاوکات به‌رده‌وام به بازرگانییه‌وه خه‌ریکه.
ئه‌وه‌ی وا تێده‌گا ئه‌و که‌سه‌ی سوژده به‌رێ،
ده‌بێ کۆیله و ده‌ستپانکه‌ره‌وه بێت؛ ئه‌وه غه‌شيمه..
ئه‌وه‌ی وا زه‌ن ده‌کا ئه‌وه‌ی به‌هه‌شتی ئه‌ولای بوێت، ده‌بێ
له‌نێو چوارديواری قوڕ و له‌سه‌ر حه‌سيره‌شڕه دا‌نیشێت؛ ئه‌وه
جنۆکه ده‌ستيان لێ وه‌شاندووه.. ئه‌وه‌ی وا ده‌زانێ ئه‌و
که‌سه‌ی بیر له عه‌زه‌مه‌تی ئه‌م بوونه‌وه‌ره بکاته‌وه، نابێ
سواری يان خاوه‌نی پاپۆڕ و ته‌یاره بێت؛ ئه‌وه شايه‌نی
ئه‌وه‌يه سواری که‌ر بکرێت.. ئه‌و خوێنده‌واره‌ی پێی وايه
ده‌وروبه‌ری پێغه‌مبه‌ری ئیسلام هه‌مووی هه‌ژار و نه‌داربوون،
ئه‌وه نه‌خوێنده‌واره و بلا زوو بچێته لای فه‌قێیه‌يه‌کی
موسته‌عيد و بزانێ ئاخۆ کۆڵه‌گه‌ی بزاڤی يه‌که‌می ئيسلام ته‌نیا
ڕه‌شوڕووت بوون، يان ئه‌بو به‌کر و عوسمانی ده‌وڵه‌مه‌نديش
بڕبڕه‌ی پشتی بوون ؟ ئه‌و بێئاگايه‌ی قياسی که‌شکێ له مه‌شکێ
ده‌کا، با بزانێ ئه‌م کوردستانه هه‌زارانی وه‌کوو عه‌لی
قه‌ره‌داغیی تێدايه، که له‌ترسی حه‌ڕام توخنی موباحه‌کانيش
ناکه‌ون، بێ ئه‌وه‌ی به هیچ کلۆجێک خودان فکر و مه‌نهه‌جی ئه‌و
مامۆستايه‌ش بن.!
نازانم بۆچی هه‌ر که وتاری سامان ناوم
خوێنده‌وه، ئه‌م به‌سه‌رهاته‌م که‌وته سه‌ر: له باژێڕی
هه‌ولێرێ، سه‌يدايه‌ک هه‌بوو ناوی مه‌لا ته‌ها بوو، ته‌مه‌نی
نزيکه‌ی-90-ساڵ
ده‌بوو، به‌هیممه‌ت بوو، له‌کن مزگه‌فتی گه‌وره
کتێبخانۆچکه‌يه‌کی هه‌بوو، کار و کاسبیی باش بوو.. به‌ڵام
ته‌بیعاتێکی سه‌يری هه‌بوو، ئه‌گه‌ر نووسه‌رێک کتێبێکی لا
دابنايه و سه‌رپاکی بفرۆشرايه، عه‌رش و قو‌رشی لێک ده‌دا بۆ
ئه‌وه‌ی خه‌به‌ر بگه‌يه‌نێته خاوه‌ن کتێبه‌که، تا هه‌رچی زووه
بێ و پاره‌ی خۆی وه‌رگرێت، نه‌وه‌کا مه‌لا به‌قه‌رزاری بمرێ و
ڕووڕه‌شی ئه‌ولا بێت.. ڕۆژێکیان له خزمه‌تی دانیشتبووم، کڕيارێ
هاته لای و ده‌ستیان به قسه کرد، کابرای کتێبکڕ گوتی : مه‌لا
ته‌ها، ماڵی دنیایێ هیچ نییه.! مه‌لا ته‌هاش فه‌رمووی : نا، نا،
ئه‌فه‌ندم، وا نییه، ماڵی دنیايێ زۆر خۆشه، به‌س به حه‌ڵاڵی.!
به‌ڵێ، مێژوو که‌متازۆر و په‌يتاپه‌يتا
ده‌رسه‌کانی مه‌لا ته‌های هه‌ولێریمان بۆ دووباره ده‌کاته‌وه،
بۆیه ڕه‌نگبێ شايه‌نی ئه‌وه بێ، ئه‌م ده‌رسه‌شی بخرێته پاڵ:
ماده‌م حه‌ڵاڵه.. عه‌وافی بۆ
پڕۆفيسۆر عه‌لی قه‌ره‌داغی و ئه‌مسالی، بۆ ئه‌و هه‌موو ماڵه.!
*سه‌رنج!
ئه‌م بابه‌ته له ڕۆژنامه‌ی ( ستانده‌رد )دا بڵاو
کراوه‌ته‌وه. (نووسه‌ر)
|