یادێک له‌ پێنجی خه‌رمانان

 

ده‌سته‌ی نووسه‌رانی بێستان

 

   نه‌ک هه‌ر له‌مه‌ڕ خۆشییان له‌سه‌ر ئازارانیش شوکرانه‌بژێرین، ئه‌و ئازارانه‌ی نه‌ته‌وه‌ غه‌دداره‌ دراوسێکانمان به‌ قه‌واره‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی، به‌ بارستی که‌سایه‌تیی، به‌ حورمه‌تی نیشتیمانیی و به‌ مافی مرۆڤایه‌تییمانیان گه‌یاندووه‌ و ده‌گه‌یێنن. ده‌زانین ئه‌م ئازارانه‌ ئۆخژنیان له‌دوایه‌.

   شوکر له‌سه‌ر هه‌ستی باوه‌ڕداریی حه‌ز و هێز و ئیراده‌ی گۆڕینی ئه‌و دۆخه‌ لێڵه‌ی له‌ ئاکامی که‌تره‌خه‌میی پێشینان و دڵره‌قیی دوژمنان تێی که‌وتووین، په‌له‌کوته‌مانه‌ په‌نا به‌خوا لێی ده‌ربازبین.

   سڵاو له‌وانه‌ی به ‌ده‌رسێک و به ‌ده‌ستێک ده‌رسیان داداین و ده‌ستیان گرتین به‌شێوه‌یه‌ک به‌ره‌و قه‌راغی ڕزگاریی هانیان داین و پاڵیان ناین، بۆ که‌ناری ئارامیی کێشیان کردین و هه‌ر بۆ تاوێک به‌ هه‌نگاوێک له‌گه‌ڵمان بوون، جا هه‌ر چۆن و به‌ هه‌ر جۆر بۆ هه‌ر جێیه‌ک ده‌چن یان  چوون، نه‌خاسمه‌ ئه‌وانه‌ی شه‌هید بوون.

 

   له‌ پێنجی خه‌رمانانی-1359-ک.هـ ده‌ستی قودره‌تی خوا که‌وته‌ گه‌ڵ جه‌ماعه‌ت و  کۆمه‌ڵێک به‌ مه‌به‌ستی گه‌لدۆستیی و حه‌قویستیی پێکهێنرا و ناوی لێنرا. ناوێک پڕ به‌ پێستی پێکهاته‌که‌ و گونجاو له‌گه‌ڵ کاته‌که‌ و  شیاو بۆ تاک و کۆمه‌ڵه‌که‌ کاری بۆ کرا. کارێک به‌ به‌های گیان و ژیان، کارێک زیاد له‌ وزه‌ی تاکه‌کان، کارێک سه‌رچاوه‌گرتوو له‌ ئیمان.

  ئه‌م کۆڕه‌ بریتیی بوو له‌ کۆمه‌ڵێک بۆ یه‌کخستن و رێکخستن و هۆنینه‌وه‌ی هێز و وزه‌ی چاکه‌خوازیی. تاکه‌ چاک و پاک و چالاکه‌کانی کۆمه‌ڵگای کورده‌واریی بۆ به‌ره‌نگاریی داگیرکاریی و زۆرداریی له‌سه‌ر و‌ڵات و بۆ دابینکردنی ئاشتیی و ئازادیی و ژیانی پڕ له‌ دادگه‌ریی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سایه‌ی سیلم و سه‌لامی ئیسلام له‌و به‌شه‌ خاکه‌ی خوای گه‌وره‌ پێی ره‌وا دیوین و عه‌ره‌ب و فارس و تورک لێیان داگیرکردووین و گوێ له‌ هیچ شه‌رع و قانوون و هاوارێک ناگرن و به‌ هه‌موانیان کپمان ئه‌که‌ن و خپمان ئه‌که‌ن.

 

  که‌شی گونجاو باوه‌شی بۆ ئه‌م رێکخراوه‌ کرده‌وه‌ و له‌ رێگای پێشبڕکێی مه‌رگه‌وه‌ پۆلێک پێشکه‌وتن و ئازایه‌تییان به‌ به‌ژنی خۆیان بڕی و ئازادیی گه‌ل و وڵاتیان خسته‌ ئه‌ستۆی رێبواران و میراتگرانی لێبڕاو و فیداکار. تێپه‌ڕینی کات سات بۆ سات پتر پاڵمان ئه‌دا بۆ ناو کۆڕی خه‌بات و کوره‌ی خاران، بۆ به‌رده‌وامیی له‌ تێکۆشان و گونجان له‌گه‌ڵ پاڵه‌په‌ستۆی ئاسته‌نگ و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌کان. خۆ دیاره‌ وه‌ڵامه‌کان ئه‌رێنیین و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئاڵوگۆڕه‌کان و رێکخستنی لیستی ویسته‌کان به‌ شایه‌نی دادی خودایی و به‌ به‌خشینی ئه‌وه‌ی هه‌مانه‌ و له‌ده‌ستمان دێ و له‌ده‌ست ئێمه‌دایه‌ ته‌نه‌خی ناکه‌ین و بانگه‌وازی ره‌سه‌نایه‌تیی رێکخراوه‌که‌مان "رێکخراوی خه‌بات،ی نه‌ته‌وایه‌تیی و ئیسلامیی کوردستان" و ره‌وایی ویسته‌کانمان و هاواری هاوکاریی و یه‌کڕیزیی و یه‌کده‌نگیی خه‌باتکاران و تێکۆشه‌ران به‌ هه‌موو قولینچک و قوژبنه‌کانی کوردستان و ته‌نانه‌ت جیهان راده‌گه‌یێنین.

 

  مه‌ودایه‌کی زه‌مه‌نی بیست و حه‌وت ساڵ ته‌مه‌نی رێکخراوه‌که‌مان زه‌رووره‌تی بوونی و درێژه‌دان به‌ رێبازه‌که‌ی، پته‌وکردنی هه‌نگاوه‌کان و پڕکردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌کان له‌ ئێمه‌ داوا ده‌کا به‌ چاوکراوه‌یی و وردبینییه‌وه‌ و له‌ گۆڕه‌پانه‌که‌دا هه‌نگاو هه‌ڵگرین.

 

  پیرۆزبایی ئه‌م یاده‌ پیرۆزه‌ ئاڕاسته‌ی هه‌موو خۆشه‌ویستان و دۆستانی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕ ده‌که‌ین و هیوادارین ئه‌و چڵ و په‌لانه‌ی وه‌به‌رهاتوون به‌رهه‌میان پتر بێ و ئه‌و نه‌مامانه‌ی له‌ دێراوه‌کانی "بێستان" دان له‌ گه‌شه‌ و نه‌شه‌دا بن و به‌روبوومی زۆرتر و شیرینتر ‌به‌سه‌ر به‌ره‌ی گه‌ل و بوومی وڵاتدا وه‌به‌شن.

 

 

 

ده‌سته‌ی نووسه‌رانی بێستان

5-ی خه‌رمانانی-1386

27-ی ئۆگۆستی-2007

 

 

 

 

 

بێستان.نێت